نێچیرڤان بارزانی: دڵنیاین کە ئەم بارودۆخە سەختە داراییە تێپەڕ دەکەین

سلێمانی-KDP.info- لە بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی پردی کۆبانی لە سلێمانی، (نێچیرڤان بارزانی) دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە کرد و گوتی، لەم بارودۆخە سەختەی داراییدا کە پڕۆژەکە نەوەستاوە، هاتووین بۆ دەستخۆشی لێکردنتان، دڵنیایشین کە ئەم بارودۆخە سەختە داراییە تێپەڕ دەکەین و کۆی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش دەکەونەوە کار.
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان پێوەندییان بە باری داراییی حکوومەتەوە هەیە و هیی حکوومەتیش وابەستەی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، هاوکات دابەزینی نرخی نەوت هۆکارێکی دیکەی ئەم دۆخە داراییەی هەرێمە، ئەگینا ستراتیژی ئێمە وەها داڕیژرابوو کە دووچاری ئاوا دۆخێک نەبین.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی یاوەرییان دەکرد لە بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی پردی کۆبانی، دووپاتی کردەوە، ڕێزمان هەیە بۆ وەبەرهێنەران کە بەرگەی ئەم دۆخەیان گرتووە و هەندێکیان هێشتا پڕۆژەکانیان نەوەستاندووە.
پردی کۆبانی دەکەوێتە شەقامی ٦٠ مەتریی سلێمانی.
زریان زیاد




