٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خه‌ڵكی شارەكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هێشتا هێور نه‌بوونه‌ته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

مەهاباد-KDP.info-  دوای گیانله‌ده‌ستدانی كچەكوردێكی شاری مەهابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە ناوی (فەریناز خوسرەوانی)، پێنجشەممەی رابردوو 17ی گوڵان، خۆپیشاندانی ناڕەزایی سەری هەڵدا و شارەکە زۆر بە خێرایی سیمای شارێکی راپەڕیوی بە خۆیەوە گرت.

بەپێی زانیارییەكان دوابەدوای ئەم ڕووداوه‌، خەڵكی شارەكانی (شنۆ، خانێ، مەریوان و بۆكان و.. كه‌ ئه‌مڕۆیش سه‌رده‌شت خۆپیشاندانی ساز دا) هەوڵی خۆپیشاندان داوە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی شاری مەهاباد و بەرەو شاری مەهاباد بەڕێکەوتن، بەڵام لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕێگرییان لێ کراوە.
لاوان و خەڵكی تووڕەی شاری مەهاباد لەبەردەم شوێنی روداوەکە (هوتێل تارا) بە بەربڵاوی بەرەنگاری هێزە ئه‌منییه‌كانی حكوامەتی  تاران بوونەوە و دوای سووتاندنی هوتێلەکە، پەلاماری ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەیان دا و ژمارێكی زؤر ئؤتۆمبێلی حكوومەتیشان ئاگر تێبەردا.
هێزەكانی حكوومەت و لە ناویاندا هێزی (دژەئاژاوە) بە گازی فرمێسكڕێژ و تفەنگی ساچمەیی، ئاپۆرەی خەڵكەكەیان دایە بەر پەلاماری خویان كە بووە هۆی برینداربوونی لانی كەم 50 كەس و راپێچکردنی لانیكەم 30 كەسی تر. بەپێی هەندێك لە زانیارییەكان دوو كەس لە خەڵكی ئەو شارەیش شەهید بوون.
بە هۆی بەربڵاوبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵك، كاربەدەستانی حكوومەت ژمارێكی زۆر لە هێزەكانی حكوومەتیان لە شارەكانی ورمێ و میاندواوەوە گواستەوە بۆ شاری مەهاباد.


بەپێی زانیاریی زیاتر، هوتێل تارا لە پێوەنددا بووە لەگەڵ ئیتڵاعاتی حكوومەتی ئێران.
خۆپیشاندانەكەی شاری مەهاباد هاوكات بووە لەگەڵ تێهەڵچوونەوەی مامؤستایانی سەراسەری شارەكانی ئێران، بۆ بەرزكردنەوەی داخوازییەكانیان وەك توێژێكی ستەملێكراوی ئەو وڵاتە كە باری ژیانیان لە ژێر مەترسیدایە.
راپەڕینی خەڵكی شاری مەهاباد بە هۆی گیانلەدەستدانی كچە كوردی تەمەن 26 ساڵ و ده‌رچوی به‌شی كۆمپیوته‌ر (فەریناز خوسەرەوانی) كه‌ كارمه‌ندی هۆتێله‌كه‌ بووه‌، دەستی پێكرد كە رۆژی 14ی گوڵان کاتێ ئەندامێكی ئیتڵاعات ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەری بە ناچاری خۆی لە نهۆمی چوارەمی هوتێلەكەوە فڕێ داوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان- م.ز

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار