٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: بۆ پێشکەوتن و بنیادنان و ئاوەدانی، شوێنێک نییە بۆ کۆتایی و ڕێگایەک نییە بۆ گەڕانەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند کە، "گەشەپێدانی کۆمەڵگا بەبێ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، لە باشترین دۆخدا، گەشەکردنێکی ناکامڵ و نەفەس کورته‌. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە مەسەلەی گەشەپێدانی هونەری و بوارە فەرهەنگییەکانی دیکە دەڕوانێت و لە میانەی کارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پاڵپشتیکردنی ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانەوە، بەردەوام خزمەتی بەم بوارە گرنگە کردووە و دەیكات. دیاریکردنی پارێزگای سلێمانیی ئازیزیش وەک پایتەختی ڕۆشنبیریمان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ چالاکی و بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی، بەڵگەی بایەخدان و پەرۆشیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە، بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری لەم هەرێمەدا".
ئێوارەی ئەمڕۆ 9/5/2015 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و سینەماكار و فیلمسازانی سینەمایی ناوخۆ و دەرەوە، لە شاری سلێمانی یادی رۆژی ئەوروپا و ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی یەكێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمەكەدا، هەروەها دەستخۆشی لە دەزگاى هیوا و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی كرد کە پێكه‌وه ‌بە هاوکاریی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ئەرکی ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵەکەیان گرتۆتە ئەستۆ و ئەم هاوکاری و دەستپێشخەرییەی یەکێتیی ئەورووپای بۆ بەستنی ئەم ڤیستیڤاڵە لە هەرێمی کوردستان، بەرز نرخاند.
(نێچیرڤان بارزانی)  ئاماژەیشی دا  كە حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان، بە ڕێز و پێزانینەوە ده‌ڕواننه‌ هەڵوێستی دۆستانەی یەكێتی ئەوروپا لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، بەڵام لە هەمان كاتدا گوتی: "خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، هێشتا دڵنیا نین له‌وه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا و وڵاتانى دیكه‌ش، به‌ته‌واوه‌تى له‌وه‌تێده‌گه‌ن و وه‌ك پێویست پێزانینیان بۆ ئه‌وه‌هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ كوردستان له‌هێڵى پێشه‌وه‌ى‌ جه‌نگى دژى تیرۆره‌، ‌بۆ به‌رگرتن له‌گه‌وره‌تر‌ین هێزى تیرۆر و تاریكى، كه‌ نه‌ك هه‌ر تهنها بۆ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى زۆر جدییه بۆ سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى".
سەرۆكوەزیران لە بەردەوامی وتەكەیدا باسی لەوەش كرد كە هه‌رێمى كوردستان له‌دۆخێكى سه‌ختى ئابوورى و داراییدایه ‌و بێ جیاوازى بۆته‌ په‌ناگه‌ى زیاتر له ‌ملۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره ‌و په‌نابه‌ر له‌هه‌موو پێكهاته ‌نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان، حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان چاویان له‌هاوكاریى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به‌ره‌نگارى تیرۆر ببێته‌وه‌، چونكه ‌وەك سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ كرد تا ئێستا هاوكارییه‌كان له‌ئاستى پێویست و له‌ئاستى ئه‌و مه‌ترسییه‌دا نین كه ‌له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه ‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى هه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی لە وەسفی فەرهەنگ و هونەردا ئەوەی خستەڕوو كە فەرهەنگ و هونەر، ڕاستگۆترین زمانی ناسنامە و بوونی شارستانیانەی گەلانە، پەیوەندییەکیش کە لە میانەی ئەم زمانە شارستانییەوە ڕێک بخرێت، هەمیشە دەروازەی فراوان بە ڕووی ئاسۆکانی دۆستایەتی و پێشکەوتن و بەها مرۆییە جوانەکاندا دەکاتەوە. هونەری حەوتەمیش، هونەری سینەما، وەک هەر کایەیەکی دیكه‌ى هونەری و فەرهەنگی، یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کە بە جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەز و ڕەنگ و زمان و زێدیانەوە، هەمووان لە پەیامێکی ژیاندۆستانەدا کۆدەکاتەوە. بۆیە ئەم جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییە هونەری و فەرهەنگییانە لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا، هیچی کەمتر نییە لە پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسی و زانستی و سەربازییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دۆستدا.

هەروەها گوتی: "گەشەپێدانی کۆمەڵگا بەبێ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، لە باشترین دۆخدا، گەشەکردنێکی ناکامڵ و نەفەس کورته‌. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە مەسەلەی گەشەپێدانی هونەری و بوارە فەرهەنگییەکانی دیکە دەڕوانێت و لە میانەی کارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پاڵپشتیکردنی ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانەوە، بەردەوام خزمەتی بەم بوارە گرنگە کردووە و دەیكات. دیاریکردنی پارێزگای سلێمانیی ئازیزیش وەک پایتەختی ڕۆشنبیریمان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ چالاکی و بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی، بەڵگەی بایەخدان و پەرۆشیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە، بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری لەم هەرێمەدا".

ئەوەشی دووپات كردەوە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، بە بەردەوامی هاوکاریی هونەری سینەما و فیلمسازی لە هەرێم كردووە و چەندین بەرهەمی سینەماییی كوردستان لە ڤیستیڤاڵە جیهانییەکاندا بەشدار بوون و خەڵاتی سەنگینیشیان بەدەست هێناوە.
جەختیشی لەوە كردەوە كە شەڕی سەپێنراوی تیرۆریستانى داعش و قەیرانی دارایى و کێشە داراییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای حکوومەت بۆ هاوکاریکردنی سەرجەم بوارە جیاجیاکان كردووه‌، بەڵام هونەر و پەیامە مرۆییەکانی، هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بایەخ و بەرنامەکانی حكوومەتدان ئەم دۆخە نەخوازراوە بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین و بەردوام دەبین لە گەشەپێدان و بنیادنان و پێشکەوتن و گوتی: "لەبەردەم خواستی گەلەکەمان بۆ پێشکەوتن و بنیادنان و ئاوەدانی، شوێنێک نییە بۆ کۆتایی و ڕێگایەک نییە بۆ گەڕانەوە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە ‌ڕێكخستنى ئه‌م چالاكییه‌ هونه‌رییه ‌له ‌سلێمانى و پشتگیرى و به‌شداریى دۆستانی كورد له ‌وڵاتانى ئه‌ورووپا له‌م فیستیڤاله‌دا، په‌یامێكى دیكه‌ى ڕوون و ئاشكرایه‌ بۆ تیرۆرستان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى به ‌بیرى تاریكیان ده‌یانه‌وێت پێشكه‌وتنه‌كانى كوردستان ڕابگرن، كه‌ وێڕاى هه‌موو ئه‌و مه‌رگ و ترس و تۆقاندنه‌ى تیرۆرستان بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه‌، ئیراده‌ى ژیان و پاراستنى جوانییه‌كانى ژیان هه‌زار هێنده ‌به‌هێزتره‌ و كوردستان به‌جۆشه‌وه‌، هه‌موو كایه‌كانى ژیان به‌ره‌وپێش ده‌بات و هه‌میشه ‌ڕووى له‌پێشكه‌وتن و بنیانتان و سه‌ركه‌وتنه‌.

(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها ئەوەشی بەبیر هێنایەوە كە چۆن ساتە وەختەکانی شۆڕش، لە نێو سەنگەردا، کتێب و شانۆ و موزیک و تابلۆ و پەیکەر و وشە لای گەلی كورد خۆشەویست بوون، ئێستاش بە هەمان شێوە، بە هاوکاریی دۆستان لە جیهانی ئازاد و پێشکەوتوودا، لە شەڕی پاراستنی بوونی گەلی كورد و بەها مرۆڤایەتییەکانیشدا، بەرامبەر بە تیرۆریستان، شاشەی سینەما و جوانییەکانی ئەم هونەرە، بەها و نرخێكی گەورەی لاى گەلی كورد هەیە، چونكە گەلی كورد گەلێكی زیندووە و سەر بە خەونە جوانەكانی مرۆڤایەتییە.

لە كۆتاییی وتەكەیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم ڤیستیڤاڵە كرد و هه‌روه‌ها لە ڕێگەی بەڕێز باڵیۆزی وڵاتی لاتڤیاوە وەک نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، سوپاسی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای كرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دۆستانەیە.

دەقی وتاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان:

ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێوارەتان باش..
خۆشحاڵیم لەگەڵ ئێوه لە پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، له‌شارى خۆشەویستی سلێمانی ، بەشداری لە یادى ڕۆژى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی یەکەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین. سەرەتا، دەستخۆشی لە دەزگاى هیوا و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی دەکەم، کە پێكه‌وه ‌بە هاوکاریی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ئەرکی ڕێکخستنی ڤیستیڤاڵەکەیان گرتۆتە ئەستۆ، هەروەها بە سوپاسەوە ئەم هاوکاری و دەستپێشخەرییەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەستنی ئەم ڤیستیڤاڵە لە هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنین و سوپاسیان دەكەین.

ئێمه‌وه‌ك حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان، بە ڕێز و پێزانینەوە ده‌ڕوانینه ‌هەڵوێستی دۆستانەیان لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، هێشتا دڵنیا نین له‌وه‌ى كه ‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا و وڵاتانى دیكه‌ش، به‌ته‌واوه‌تى له‌وه ‌تێده‌گه‌ن و وه‌ك پێویست پێزانینیان بۆ ئه‌وه ‌هه‌یه‌، كه ‌ئه‌مڕۆ كوردستان له‌هێڵى پێشه‌وه‌ى ‌جه‌نگى دژى تیرۆره‌،‌بۆ به‌رگرتن له‌گه‌وره‌تر‌ین هێزى تیرۆر و تاریكى، كه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها بۆ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى زۆر زۆر جدییه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى.
له‌م ڕۆژگاره‌سه‌خته‌دا كه ‌‌هه‌رێمى كوردستان له ‌دۆخێكى سه‌ختى ئابوورى و داراییدایه ‌و بێ جیاوازى بۆته‌ په‌ناگه‌ى زیاتر له‌ملۆن و نیو په‌نابه‌ر له‌هه‌موو پێكهاته‌نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان، حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان چاویان له‌ هاوكاریى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به‌ره‌نگارى تیرۆر و تیرۆریستان ببێته‌وه‌، چونكه ‌به‌داخه‌وه ‌تا ئێستا هاوكاریی نێودەوڵەتی له ‌ئاستى پێویست و له‌ئاستى ئه‌و مه‌ترسییه‌دا نین كه‌له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه ‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى هه‌ن. هاوكارییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ئاستى ئەو هه‌ڕه‌شهیەدا نین كە ئەمڕۆ لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە!
بەڕێزان..
ئاشکرایە کە فەرهەنگ و هونەر، ڕاستگۆترین زمانی ناسنامە و بوونی شارستانیانەی گەلانە، پەیوەندییەکیش کە لە میانەی ئەم زمانە شارستانییەوە ڕێک بخرێت، هەمیشە دەروازەی فراوان بە ڕووی ئاسۆکانی دۆستایەتی و پێشکەوتن و بەها مرۆییە جوانەکاندا دەکاتەوە. هونەری حەوتەمیش، هونەری سینەما، وەک هەر کایەیەکی دیكه‌ى هونەری و فەرهەنگی، یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کە بە جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەز و ڕەنگ و زمان و زێدیانەوە، هەمووان لە پەیامێکی ژیاندۆستانەدا کۆدەکاتەوە. پەیامێک بۆ مرۆڤ و ژیان و لەپێناو بەها جوان و بەنرخەکاندا.  
هەر بۆیە ئەم جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییە هونەری و فەرهەنگییانە لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا، ئەگەر گرنگتر نەبێت، ئەوا هیچی کەمتر نییە لە پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسی و زانستی و سەربازییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دۆستدا. گەشەپێدانی کۆمەڵگاش بەبێ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، لە باشترین دۆخدا، گەشەکردنێکی ناکامڵ و نەفەس کورته‌.

بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە مەسەلەی گەشەپێدانی هونەری و بوارە فەرهەنگییەکانی دیکە دەڕوانێت و لە میانەی کارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پاڵپشتیکردنی ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانەوە، بەردەوام خزمەتی بەم بوارە گرنگە کردووە و دەیكات. دیاریکردنی پارێزگای سلێمانیش وەک پایتەختی ڕۆشنبیریمان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ چالاکی و بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی، بەڵگەی بایەخدان و پەرۆشیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە، بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری لەم هەرێمەدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار