لە تەلەعفەر ئاڵای کوردستان هەڵ درا

مووسڵ-KDP.info-ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش ١٣چەکداری خۆیان کە کوردن گوللەباران کردو و لە قەزای تەلەعفەریش ئاڵای کوردستان لە شوێنێکی بەرز ھەڵ درا.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش ئەمڕۆ ئەو ١٣ داعشە کوردەی گوللەباران کردووە کە ڕەخنەیان لەو ڕێکخراوە گرتبوو گوایە پلەیان پێ نادرێت."
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، لە ناوەڕاستی شارۆچکەی تەلەعفەردا ئاڵای کوردستان لە شوێنێکی بەرز ھەڵکراوە.
ئەو بەرپرسەی پارتیی ڕوونیشی کردەوە، دووسەد خێزانە کورد و عەرەبیشیان لە گەڕەکی زراعە و شەرگات دەرکردووە و، ماڵەکەیانیان داوەتە خێزانە ئەفغانی و پاکستانی و چیچانییەکان.
ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر ئەمڕۆ داعش ٨٥ کەسی دەستگیر کردووە، ئاخر پێمل نەدەبوون بچنە شەڕ.
(مەموزینی) ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ ٢٤ کوردی شەبەک خۆیان لە دەست تیرۆرستانی داعش ڕزگار کردووە و، بە ساغی گەیشتوونەتە لای ھێزی پێشمەرگە."
بڵند ئیبراھیم




