یەك خاڵ لە پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی ماوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێوەست بە رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند، لە ئێستادا تەنیا لەسەر یەك خاڵ ناكۆكی لەسەر پڕۆژەیاساكە ماوە تا رێككەوتن لە نێوان كوتلەكاندا بكرێت. دەشڵێت، ئەوانەی دیكە هەموویان رێككەوتنیان لەسەر كراوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كورستان (بەنگین مزووری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، هەفتەی رابرد بە هۆی نەبوونی تەوافوق لە نێوان كوتلەكانی نێو پەرلەمان، نەتواندرا پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسەند بكرێت، بۆیە بۆ كاتێكی نادیار گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە دوا خرا.
(مزووری) گوتیشی: "رێككەوتن لەبارەی هەموو بڕگە و ماددەكانی كراوە و تەنیا یەك خاڵ ماوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، ئەویش رێژەی دەنگدانەوە لەبارەی دەركردنی هەر بڕیارێك لەناو دادگای فیدراڵیدا".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران راشیگەیاند: "سوننەكانیش تێبینییان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە هەیە، بەڵام تێبینیی ئێمە وەكو كورد زۆر لەوان زیاترە، بۆیە داوامان كردووە كە تێبینییەكانمان لە بەرچاو بگیرێن، ئەگەر نا ئێمە پێی رازی نابین".
بڵند ئیبراهیم




