نێچیرڤان بارزانی: دەبێت خۆمان لەگەڵ داواكاریی ئاییندەدا بگونجێنین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، خۆشبەختانە ئێستا كوردستان لە چوارچێوەی مان و نەمان دەرچووە، ئەگەرچی هێرشی دڕندانەی داعش زیانی زۆر گەورەی بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە، ئەگەرچی هەندێك لاوی كوردستانیش فریوی داوی ئایدۆلۆژیای توندڕۆیی ئایینی بوون. بەستنەوەی كوردستان بە دونیای دەرەوە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، كاردانەوەی لەسەر بواری خوێندن، تەندروستی و بازاڕی كار هەیە. ئاماژەیشی دا كە، "ئێمە دەبێت لە ئێستاوە خۆمان لەگەڵ داواكاریی ئاییندەی وڵاتەكەماندا بگونجێنین، دەبێت هەمیشە پێشبینیی داهاتوویەكی جیاواز بكەین لەوەی كە ئێمە ئێستا تێیدا دەژین. بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی نەوەی ئاییندە لەگەڵ پێداویستیی دواڕژۆردا بگونجێت، دەبێت بێوچان بە سیستەمی پەروەردەدا بچینەوە".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 9/5/2015 بە چاودێریی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، لە ژێر دروشمی (گەشەپێدان – بەها مرۆییەكان) و بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و وەزیرانی پەروەردە لە كابینەكانی پێشوو و پێشووتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری سەپەرشتیارانی پەروەردەیی و پسپۆڕانی بواری پەروەردە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر وەزارەتی پەروەردە كارەكانی كۆنگرەی پەروەردەیی دەست پێ كرد.
لە گوتەیەكدا كە بەم بۆنەیەوە پێشكەشی كرد، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بە ڕەوشی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی پەروەردەی تەندروست و چەند بابەتێگی گرینگی پێوەست بە پەروەردە و فێركردن، كرد.
لە سەرەتای گوتەكەیدا ئاماژەی بە ڕەوش و پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا كرد و گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەكی جیاواز لە دونیای چەندین ساڵ لەوەوپێش دەژین. لەوەوبەر زۆر كەس كە بڕیاری دەدا چی بخوێنێت، هەر ئەوەش دەبووە بڕیار كە پاشان ببێت بەچی، یا چ كارێك بكات؟. تا كاتی خانەنشینی، زۆر كەس لە هەمان كار بەردەوام دەبوون. خوێندن و كاری پیشەیی، پەیوەندیی ڕاستەخۆیان هەبوو. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ژیان لە كوردستان سەخت بوو. نەوەی پێش ئێمە و بەشێكیش لە ئێمە، نەماندەزانی چیمان بەسەر دێت، كەی جارێكی دیكەماڵ و گوند و شارمان بۆمباران دەكرێت. لە كوێ دەبینە پەنابەر، كەی دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ زێدی خۆمان".
هەروەها گوتی: "خۆشبەختانە ئێستا كوردستان لە چوارچێوەی مان و نەمان دەرچووە، ئەگەرچی هێرشی دڕندانەی داعش زیانی زۆر گەورەی بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە، ئەگەرچی هەندێك لاوی كوردستانیش فریوی داوی ئایدۆلۆژیای توندڕۆیی ئایینی بوون. بەستنەوەی كوردستان بە دونیای دەرەوە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، كاردانەوەی هەیە لەسەر بواری خوێندن، تەندروستی و بازاڕی كار. وەبەرهێنەری بیانی و خۆماڵی، چاوەڕوانی هێزی كاری چالاك و شارەزا و لێهاتوو دەكەن، تا ئەوانیش ڕاستەوخۆ بتوانن ئابووری و ئاستی ژیان لە كوردستان گەشە پێ بدەن".
لە بارەی داهاتوویشەوە (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە ئامادەكارییەكان كرد و گوتی: "ئێمە دەبێت لە ئێستاوە خۆمان لەگەڵ داواكاریی ئاییندەی وڵاتەكەمان بگونجێنین، دەبێت هەمیشە پێشبینیی داهاتوویەكی جیاواز بكەین لەوەی كە ئێمە ئێستا تێیدا دەژین. بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی نەوەی ئاییندە لەگەڵ پێداویستیی دواڕژۆردا بگونجێت، دەبێت بێوچان بە سیستەمی پەروەردەدا بچینەوە. پەروەردەیەك بەردەوام نوێ نەكرێتەوە، ناتوانێت یارمەتیی گەشەی وڵات بدات، ناتوانێت ببێتە فاكتەری سەرەكی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گرفتی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تەكنەلۆژی و دەروونی لە وڵاتەكەماندا."
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دواتر هاتە سەر باسی سیستەمی پەروەردەیی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا و ڕۆڵی خێزان لە پەروەردە و فێركردن و ئاماژەی بە چەند خاڵێكی گرینگ لەو بارەوە كرد و گوتی: "سیستەمی پەروەردە تا كۆتایی سەدەی ڕابردوو، جەختی لەسەر سێ لایەنی سەرەكی دەكردەوە: خوێندنەوە، نووسین و ماتماتیك. بۆ پتر لە سەدەیەك ئەوە بەس بوو. ئێستا ئەمە لە هیچ كۆمەڵگەیەك بەش ناكات. سەدەی نوێ، جگە لەخوێندەوە و نووسین و ماتماتیك، پێویستی بە لێهاتوویی، زانست و شارەزاییش هەیە. بۆ ئەوەی نەوەی ئایندە ئامادە بكرێت بۆ سەركەوتن لە ژیانی پاش قوتابخانە و زانكۆ، سیستەمی پەروەردەی كوردستان، دەبێت قوتابی بە شێوەی نوێی گونجا و لەگەڵ سەردەمی نوێدا ئامادە بكات. جگە لە خوێندەواری و فێركردنی بنەڕەتی، قوتابیی ئێستا و ئایندەی كوردستان، دەبێت لێهاتووییی تایبەتی هەبێت، فێری زانستی پڕ ناوەڕۆك بكرێت و خۆشارەزاكردن بكاتە بەشێكی دانەبڕاو لە قۆناخی خوێندن و ژیانی كاركردن".
هەروەها گوتی: "لێهاتوویی لەم سەدەیەدا پێویستی بە گەشەی تایبەت هەیە لە بابەتە ئەكادیمییە بنەڕەتییەكاندا، تا گشت قوتابیان بتوانن لەزانستی سەرەكی تێبگەن. تا نەوەی داهاتوو بتوانن ڕەخنەگرانە و بونیادنەرانە بیر بكەنەوە و چوست و چالاكانە پەیامی خۆیان بگەیەنن، شارەزایی لە بابەتە ئەكادیمییە بنەڕەتییەكان، زۆر پێویستە بۆ ئایندهى وڵاتەكەمان. تەنیا لەسەر بناغەیەكی ڕاست و دروست، قوتابی لە ئاییندەدا دەتوانێت بۆخۆی، خۆی فێربكات تا لێهاتووانە لە ژیاندا سەر بكەوێت. بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بونیادنەرانە بەكار بهێنێت. چارەسەری گونجاو بۆ گرفتی سەردەم و ئاییندە بدۆزێتەوە. پسپۆڕانە بیانگەیەنێتە كۆمەڵگە. هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پێویست و بەرپرس، بكاتە بەشێك لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی خۆی. ئاشتیی كۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسی، تەحەددای ئێستا و دواڕۆژمان دەبێت. پێكەوەژیان و سنگفراوانی لە منداڵییەوە ڕەگ دادەكوتێت. دەبێت نەوەی دواڕۆژمان لەسەر ئەم بنەمایانە پەروەردە بكەین".
هەروەها باسی لەوە كرد كە "قوتابخانە، مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتەكانمان، دەتوانن ڕۆڵێكی گەلێك ئیجابی ببینن لەم بوارەدا. لە هەمان كاتدا نابێت ئەوش لەبیر بكەین كە دایك و باوك، خوشك و برا و ئەندامی بنەماڵەكانمان دەتوانن بەرپرسانە ڕێنماییی نەوەی نوێمان بكەن. بەشی هەرەزۆریان نەبوونی، دەردەسەری و هەڵهاتنیان لەبیرە. لەو باوەڕەدام بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی گەلەكەمان، باشتر ئامادە بكەین بۆ گەشە و پەرە و خۆشگوزەرانی لە كوردستاندا، لە چوارچێوەی ئابوورییەكی جیهانگیر و پڕ گۆڕانكاریی گەورە و لەناكاو، دەبێت قوتابخانەكانمان لەسەر بناغەی نوێ بۆ سەردەمی نوێ و چاوەڕوانیی ئایندە دابمەزرێنین".
هەر لە بەردەوامی گوتەكەیدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هاتە سەر باسی ئەو بنەما و چەمكانەی كە لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن گرینگی زۆریان هەیە و دەبنە هۆی ئەوەی قوتابی بە شێوەیەكی رێكوپێك و تەندروست پێبگات و گوتی: "پشتگیریی پێویستی ستانداردی بەرز، هەڵسەنگاندن، پڕۆگرامی خوێندن و ئامۆزش، گەشەی پیشەیی فەرمانبەران و ژینگەی خوێندن، هەلومەرجی سەركەوتن بۆ قوتابی باشتر دەكات. پێم وایە، چ لە خوێندن، چ لە فێركاری، چ لەكاری ڕێكخراوەیی و بەڕێوەبردن و چ لە ژیانی هەر تاكە كەسێكماندا، بەستنەوەی سێ چەمك پێكەوە، گەلێك گرینگە بۆ تێگەییشتنمان لە ئەرك و بەرپرسیارییەتی بواری پەروەردەدا، ئەویش (سەربەخۆیی، باڵادەستی و ئامانج). سەربەخۆیی بە واتای خودموختاری یا ئۆتۆنۆمی. هەریەكێك لە ئێمە حەز دەكات خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات. خۆی ئاڕاستەی ژیانی خۆی دیاری بكات. سەربەخۆیی، واتا ئازادی و بەرپرسێتی لە هەمان كاتدا. باڵادەستی واتە خواستی بەردەوام بۆ باشتركردنی ئەو كارەی كە دەیكەین. ئامانج واتە تامەزرۆی ئەوە بین كە هەر یەكێك لە ئێمە بەشێك بێت لە شتێكی لە خۆمان گەورەتر، كە سەفەری ژیانمان مانای هەبێت".
لەبارەی گرینگیی سەربەخۆیی لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا و كاریگەرییەكانی بۆ تاكی كورد لە هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە كرد كە سەربەخۆیی لە هەموو جومگەكانی پەروەردە و خوێندندا كارێكی پێویست و كاریگەرە و گوتی: "مامۆستایەكی سەربەخۆ، لە پۆلێكی سەربەخۆ، لە قوتابخانەیەكی سەربەخۆ، سەر بە وەزارەتێكی سەربەخۆ، ئاڕاستە و ئاستی خوێندن و فێركاری بە شێوەیەك بەڕێوە دەبات، كە هەم خۆی، هەم قوتابی، هەوڵی بەردەوام بدات بۆ زاڵبوون بەسەر گشت گرفتێك كە دێتە ڕێگەیان، نەك چاوەڕوان بێت كەسێك لە دەرەوەی پۆل، قوتابخانە، وەزارەت یان حكوومەت، پێی بڵێت چی بكات، چۆن بیر بكاتەوە، چۆن چارەسەری كێشەكان بدۆزێتەوە؟ خۆی دەتوانێت ئەو كارە بكات. چەند هەوڵی جیاواز بدرێت لە هەر پۆلێكی سەربەخۆدا، دەیان، سەدان و بگرە هەزاران ڕێگەچارە دەدۆزینەوە بۆ ئەو سەختیانەی دێنە ڕێمان. قوتابییەك وا پەروەردە كرابێت، زاڵ دەبێت بەسەر دژواریی ژیاندا، باڵادەست دەبێت لە بیركردنەوەی سەربەخۆ، ئازاد و بوێرانە".
هەر لەم بارەیەوە زیاتر گوتی: "قوتابییەك، مامۆستایەك، فەرمانبەرێك سەربەخۆ بێت لە كاری ڕۆژانەدا، باڵادەست بێت لە پیشەكەیدا، زاڵ بێت بەسەر گرفتی فێربوون و فێركردن و بەڕێوەبردندا، هەست دەكات بەشێكە لە پڕۆژەیەكی لە خۆی گەورەتر. ژیانی پڕمانا دەبینێت. بەشداریی ئاوەدانكردنەوە و بەرەوپێشبردنی وڵاتەكەی دەكات لە هەموو ڕووێكەوە. قوتابیی ئاییندەی كوردستانە، دەبێتە هێزی پەیداكردنی كار، گەشەی ئابووری، بەشدار لە گۆڕانكاریی بونیاتنەرانە لە وڵاتەكەیدا".
سەرۆكوەزیران هەروەها باسی لەوەیش كرد كە، سەدەی بیستویەك پێویستی بە چ جۆرە تاكێك هەیە و پێویستە ئەو تاكانە بە چ شێوەیەك خۆیان پێبگەیەنن و گوتی: "سەدەی بیستویەك، پێویستی بە هاووڵاتییەك هەیە كە نەك تەنیا حەزی لە داهێنان بێت، بەڵكو داهێنان بكاتە بەشێكی دانەبڕاو لە بیركردنەوەی ڕۆژانە، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و یارمەتیدانی هاووڵاتی لە گشت بوارەكاندا. بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا، نەرمونیانی لە هەڵسوكەوتی ڕۆژانەدا، خۆبەڕێوەبردن و تێگەییشتنی ڕەوت و هێزی گۆڕانكاری، ئەمانە پێكەوە سەركردەی داهاتووی وڵاتەكەمان ئامادە دەكەن. قوتابیانی ئەمڕۆمان، سەركردەی پاشەڕۆژمانن. بۆ ئەوەی لە دەریای ژیاندا سەربكەون، وڵاتەكەمان بپارێزن و گەشەی بەردەوامی پێ بدەن، دەبێت خۆیان بە ئامێری ئاشتی و ئاوەدانكردنەوە پڕچەك بكەن بۆ ئاییندەی نزیك و دوور خۆیان ئامادە بكەن. سەركەوتنی بواری پەروەردە بەم شێوەیە، گەرەنتیی پاشەڕۆژێكی سەركەوتوو بۆ هەمووهاووڵاتیانی كودستان مسۆگەر دەكات".
لە كۆتایی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) هیوای خواست كە بەشدارانی كۆنگرە بتوانن لەسەر سیستمی نوێی پەروەردە و فێركردن بۆ قۆناخی ئێستا رێك بكەون و گوتی: "هیوادارم لەم كۆنگرەیەدا بتوانن لەسەر چوارچێوە و میكانیزمی سیستەمێكی پەروەردەی گونجاو بۆ سەدەی بیستویەك ڕێك بكەون. پیادەكردنی ئەو جۆرە سیستمە، كاری بەردوامی دەوێت. هەنگاوی یەكەم، لە ڕۆژێكی وەك ئێستادا دەست پێدەكات. تكایە دوودڵ مەبن، تكایە سڵ لە گۆڕانكاری و دروستكردنی پەروەردەی دواڕۆژ مەكەنەوە. بە هیوای سەركەوتنتان بۆ نوێكردنەوە و خۆگونجاندن لە بواری پەرەوەردەدا لەگەڵ ڕەوتی ژیانی سەدەی ئێستاماندا".
هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. پشتیوان سادق) و هاوكارانی كرد بۆ سازدانی ئەم كۆنگرەیە و سوپاسی هەموو ئەو بەشداربووانەی كۆنگرەی كرد كە ئەمڕۆ چ لە دەرەوە یان ناوەوەی كوردستان تەشریفیان هێناوە و بە كارەكانی خۆیان كۆنگرەیەكە دەوڵەمەند دەكەن. هەروەها هیوای سیستەمێكی ڕێكوپێك و پەروەردەیەكی باشی بۆ كوردستان خواست و گوتی: "ئەگەر ئێمە لەمەدا سەركەوتین، بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئاییندەیەكی یەكجار زۆر گەش بۆ وڵاتەكەمان مسۆگەر بكەین."




