10 مانگە بەغدا مووچەی پاسەوانی سنووری نەداوە

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردستان ڕایگەیاند، بەغدا ئەركەكانی سەرشانی ئەنجام نەداوە و نیوەی پارەی مانگی نیسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بڕیوە. دەشڵێت، 10 مانگە بەغدا مووچەی پاسەوانی سنووری نەداوە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (ئاواز حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموركراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی عێراق پارەی پاسەوانی سنووری نەداوە كە كۆی گشتی مانگەكان دەكاتە نزیكەی 10 مانگ، لە كاتێكدا بەغدا جگە لەوەی پابەند نییە بە ڕێككەوتنی نێوان خۆی و هەولێر، لە هەمان كاتدا سیاسەتێكی دوولایەنە پەیڕەو دەكات و لەلایەك دەڵێت پابەندم بە ڕێككەوتنەوەكەوە و لەلایەكی دیكە لە جێگای ئەوەی پابەند بێت، دێت پارەی هەرێمی كوردستان نادات، بۆ نموونە لە مانگی نیساندا دەبوو بڕەپارەی تەواوی بدایە، كەچی نیوەی پارەكەی گل داوەتەوە".
(ئەفەندی) گوتیشی: "وەزیری دارایی عێراق دەرهەق بەو بڕیارانەی كە لە بەغدا دەدرێن نیگەرانە، چونكە وەزیری دارایی بە تەنیا بڕیاردەر نییە، بەڵكە سەرۆكوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەو بارەیەوە بڕیار دەدەن، ئێستایش چەند جارێك داوا كراوە كە پشكی بوودجەی پێشمەرگە بنێردرێت، بەڵام بەغدا بەوەیشەوە پابەند نیییە".
ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی ئاماژەیشی دا: "كاتی ئەوەیە بە بەغدا بڵێین پارەی پاسەوانی سنوور و هێزی پێشمەرگە بدات، چونكە ئەمە لە ڕێككەوتنیش دەرچووە و لە بودجەی 2015ـی عێراقدا بووەتە یاسا".
كارزان سەباح هەورامی




