حەشدیشەعبی ڕێگە لە كاروانێكی پاسەوانانی سەرۆکكۆماری عێراق دەگرن

خورماتوو-KDP.info-ئەمڕۆ لە كاتی گەڕانەوەی كاروانێكی پاسەوانانی سەركۆماری عێراق، لەسەر ڕێگای بەغدا ــ كەركووك، کە دەگەنە ئامرلی، لەوێ چەكدارانی حەشدیشەعبی ڕێگەیان پێ دەگیرن و سووكایەتییان پێ دەكەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی دووزخورماتوو، محەمەد فایەق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم نیوەڕۆیە كاروانێكی پاسەوانانی سەرۆکكۆماری عێراق لە بەغداوە بەرەو هەرێمی كوردستان دەگەڕانەوە، لە بازگەی ئامرلی لەسەر ڕێگای بەغدا – كەركووكدا چەكدارانی حەشدیشەعبی ڕایاندەگرن."
(محەمەد فایەق) گوتیشی، لەوێ كە زانیبوویان ٤٨ پاسەوانەکە کوردن، سووكایەتییشیان پێیان کردبوو.
دەڵێ پاشان كاروانەكە قایمقامیەتی خورماتوویان لە هەڵسوكەوتی چەكدارە شیعەكان ئاگادار كردووەتەوە و، كێشەكە زوو چارەكراوە و، کێشەکە گەورە نەبووەتەوە.




