ڕێگاکەی خورماتوو بەرەو كفری كرایەوە

خورماتوو-KDP.info-دیارە چەند ڕۆژ لەمەوبەر خاوەن دوکان و كاسبكارانی سەر ڕێگاكەی خورماتوو بەرەو كفری، لە داخ داخستنی ڕێگای كەركووك ــ بەغدا، ڕێگاکەیان داخستبوو؛ ئەم ئێوارەیە ڕێگاکەیان بەر دا، بەو مەرجەی لایەنی بەرپرس تا دە ڕۆژی دی ڕێگای كەركووك – بەغدا بکەنەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، (محەمەد فایەق) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم ئێوارەیە ڕێگای خورماتوو – كفری كرایەوە كە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە نزیک گوندی یاساوەدا کاسبکاران و خاوەن کارگە و چێشتخانەکانی دەڤەرەکە دایانخستبوو."
(محەمەد فایەق) گوتیشی، كردنەوەی ڕێگاكە دوای ئەوە دێت چەند لایەنێكی پەیوەندیدار بەڵێنیان داوە كە هەوڵ دەدەن تا 10 ڕۆژی دی ڕێگای كەركووك – بەغدا بكەنەوە.
نزیكەی 80 ڕۆژە ڕێگای سەرەكی نێوان كەركووك – بەغدا، بەهۆی شەڕی داعشەوە داخراوە، هەرچەندە ئێستا هیچ مەترسییەك لەسەر ڕێگاكە نەماوە كە پێشتر لە ناوچەی عوزێم بە هۆی بوونی چەكدارانی داعشەوە مەترسیی هەبوو، بەڵام حكوومەتی عێراق ئامادە نییە ڕێگاكە بكاتەوە. ئەمەش تەنگی بە هاتوچۆكەران هەڵچنیوە و، زیانێکی زۆریشی لە خاوەن كارگە و چێشتخانە و كاسبكارانی سەر ڕێگاكە داوە.




