ئاراستەی سێیەم: ٤ حزبەكەی دیكە دەیانەوێت دەستوور بە حزبی بكەن

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی فڕاكسیۆنی لیستی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: تا ئێستا ئەو لیژنە 21 كەسییە پێكنەهاتووە و هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە، پارتی لەگەڵ سازانە، 4 حزبەكەی دیكەش دەیانەوێت دەستوور بە حزبی بكەن، خۆزگە ئەوان وەك پارتی بە فراوانتر بیریان كردبایەوە، بۆیە ئێمە هەڵوێستی پارتیی بەرز دەنرخێنین.
(باپیر كامەلا) سەرۆكی فڕاكسیۆنی لیستی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: تا ئێستا ئەو لیژنە 21 كەسییە پێكنەهاتووە، بە چوار حزب یەك ئەندام بۆ ئێمە دانراوە، ئێمەیش هیچ دانیشتنێكمان لەسەر نەكردووە، من بەش بە حاڵی خۆم لەگەڵ ئەوەین ڕەتی بكەینەوە، تا ئێستا هیچ حزبێك ناوی ئەندامەكانی پێشكەش بە پەرلەمان نەكردووە، تا كۆبوونەوەی پەرلەمانی لەسەر بكرێت، حەفتەی دابێ كۆبوونەوەی لەسەر ناكرێت، بەهۆی ئەوەی هۆڵی پەرلەمان نوێ دەكرێتەوە، گەورەترین فڕاکسیۆنی ناو پەرلەمان كە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستانە رێكەوتنی نەكردووە، ئەو لەگەڵ سازانە، ئامانجی ئەو 4 حزبەی دیکەیش ئەوەیە كە ٥٨ كورسیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، دەڵێن، دەبێت ئێمە 11 ئەندامان هەبێت، ئەوانی دیكەیش بە پارتیەوە 10 ئەندامیان لەو لیژنە 21 كەسیە هەبێت، ئەوەیش ئەوە دەگەینێت كە مەبەستیی سیاسیی لە پشتە. (باپیر کامەلا) دەیشڵێت، لەلایەكی دیكەوە ٤ حزبەکەی دیکە دەیانەوێت دەستوور بە حزبی بكرێت، 70% خەڵكی كوردستان دەنگی داوە بە پەرلەمانی كوردستان، ئەی 30%ـیەكەی دیكە نوێنەریان لە كوێ دەبێت، دەبووایە نەك تەنیا ئەندامانی پەرلەمان لەو لیژنەیە دابان، بەڵكو ئەو لیژنەیە فراوان تر كرابایە، لە كاتی خۆش لە كاتی پەسەندكردنی یاساكە پێشنیارم كرد 25 ئەندام بن، دەستوور دەستووری هەموو تاكێكی كوردە، نەك هی چوار حزبە، جا بۆیە هیچ رێكەوتن نەكراوە و پێشموانیە بەو شێوەیە بگەینە ئەنجام.
گوتیشی: هەڵوێستی پارتیی بەرز دەنرخێنین، بە فراوانتر بیر دەكاتەوە، نایەوێت وەك ئەوانی دیكە دەستوور بە حزبی بێت، ئۆمێد دەكەین پارتی لە داهاتووشدا لە هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت.
ڕابین شێروانی




