ئەو پارەیەی بۆ هەرێم ڕەوانە كراوە كەمە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، ئەو بڕەپارەیەی بەغدا بۆ هەرێم ناردوویەتی، كەمە و بەشی هیچ ناكات، هەر هیچ نەبووایە دەبوو زیاتر لە 700 ملیار دیناری رەوانە كردبایە، بۆیە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (كاوە محەممەد) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو پارەیەی بەغدا رەوانەی كوردستانی كردووە، زۆر كەمترە لە ڕێژەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق روونکردنەوە بدات، ئێمەیش بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە دەكەین، چونكە ئەمە زۆر لە موستەحەقاتی هەرێم كەمترە، كە پێویست بوو بەغدا بوودجەی زیاتری رەوانە كردبایە".
(كاوە) گوتیشی: "دەبووایە حكوومەتی عێراق بە لایەنی كەمەوە زیاتر لە 700 ملیار دیناری خستبایە سەر ژمارەبانكیی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە رۆڵی چاودێریكردنی خۆمان دەبینین و بە وردییش بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین.
رابین شێروانی




