ئێزدییەكان، هەڵوێستی پارتی بەرز دەنرخێنن

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، جگە لە پارتی هیچ كەس و لایەنێكی دیكە خۆی لە ئێزدی و شنگالییەكان نەكردووەتە خاوەن، بەڵگەیش ئەوەیە كە لە لیژنە 21 كەسییەكەی دەستووردا، جگە لە پارتی هیچ لایەنێك ئامادە نەبوو كورسییەك بداتە ئێزدییەكان.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "رەوشی شنگال ئێستا زۆر باشە و پێشمەرگە هەموو ناوچە ستراتیژییەكانی بە دەستەوەیە و چاوەڕانی سەرووی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی شنگال و شوێنەكانی دیكەی ئێزدینشین ئازاد بكەن".
(شەشۆ) گوتیشی: "ئێمە وەك ئێزیییەكان زۆر سوپاسی پارتی دەكەین كە لە بەشی خۆی كورسییەكی داوەتە ئێزدییەكان، ئەوەی خۆی لە ئێزدییەكان كردووەتە خاوەن پارتییە و هەر پارتییش دەبێت، ئەگەر لەبەر پارتی نەبووایە رەوشی ئێزدییەكان زۆر خراپ دەبوو و لایەنەكان دووبەرەكییان دەخستە ناو كوردانی ئێزدییەوە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال ئاماژەیشی دا: "پێویست بوو لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان بارودۆخی كوردانی ئێزدی لە بەرچاو بگرن، چونكە ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو كاتەكانی دیكە كوردانی ئێزدی پێویستیان بە لایەنە سیاسییەكان هەیە، هەندێك لایەنی سیاسی دەڵێن بۆ كوردانی ئێزدی ئەمە دەكەین و دەبێت كارەكان بەو شێوەیە بن، بەڵام كاتێك ئێزدییەكان بانگەواز دەكەن، جگە لە پارتی، هیچ لایەنێكی دیكە خۆیان لێ ناكاتە خاوەن".
(قاسم شەشۆ) زیاتر گوتی: "ئێستا لە ناوچە ئازادكراوەكاندا رەوشی ئێزدییەكان زۆر باشە و بەردەوام خەڵكی ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، حكوومەتی هەرێمیش بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و، رۆژانە دەستگا حكوومییەكان لەو ناوچانەی ئازاد كراون، ئیشوكاری هاووڵاتیان ڕادەپەڕێنن".
ڕابین شێروانی




