لیژنەی كاتیی پەیڕەوی ناوخۆ كۆتایی بە كارەكانی هێنا

هەولێر-KDP.info- دوای نزیكەی ٧ مانگ كاركردن لەسەر هەمواركردنەوە و بەدواداچوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا، لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆ كۆتایی بە كارەكانی هێنا و پەیڕەوێكی نوێی بۆ پەرلەمان ئامادە كرد.
سەرۆكی لیژنەی كاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (د. فرسەت سۆفی) رایگەیاند: "پەیڕەوە نوێیەكە نزیكەی ٦٠ ماددەی دیكەی بۆ زیاد كراوە و ١٥٠ ماددەیە، گرینگترین ماددە و بڕگەكانیشی ئەوەیە كە سەرلەنوێ شێوازی یاسادانان داڕێژراوەتەوە و میكانیزمی چاودێریكردن بە روون و ئاشكرا بە شێوازێكی نوێ وەكو ستانداردی نێودەوڵەتی داڕێژراوە، دانیشتنەكانی پەرلەمانیش هەفتانە دیاری كراون و هەروەها كارنامەی پەرلەمان هەفتانە چۆن كار دەكات دیاری كراوە، جگە لەوە، كاتی قسەكردنی ئەندامانی پەرلەمانیش دیاری كراوە و كاری لیژنەكان رێك خراوەتەوە و ژمارەیان كەم كراوەتەوە، هەروەها دەستەیەكی گشتی كە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێك دێت، دروست كراوە و هەیكەلییەتی ناو پەرلەمان گۆڕاوە و رێك خراوەتەوە".
(سۆفی) ئاماژەیشی دا: "پەیڕەوەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەری لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت".
لای خۆیەوە سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەددین قادر) بە ماڵپەری پەرلەمانی راگەیاند: "هەر كاتێك ئەوان پەیڕەوە تازەكەیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، ئەوا لە دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆكردن لەبارەیەوە رادەگەیەنین".
بڵند ئیبراهیم




