بەم زووانە سەرۆكی زانكۆی كەركووك دیاری دەكرێت

كەركووك-KDP.info- بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق دەڵێ: "رۆژی یەكشەممە بۆ سەرپەرشتیكردنی زانكۆی كەركووك دەستبەكار دەبم، تاوەكو كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆ دیاری دەكرێت كە لە ماوەیەكی كەمدا یەكلا دەكرێتەوە و كەسێك دەكرێتە سەرۆكی زانكۆی كەركوك و كۆتایی بە كێشەكە دێت".
بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق (د.سەلام خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی زانكۆی كەركووك پێشتر خانەنشین كرا و دواتر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ (عەباس تەقی) بە وەكالەت دانرا بۆ ئەوەی كارەكان بەرێوە ببات، تا لەوانەی كاندیدن كەسێك بكرێتە سەرۆكی زانكۆ، بەڵام دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار درا (عەباس تەقی) بكرێتە سەرۆكی زانكۆ كە هەڵەتێگەییشتنێك هەبووە و قوتابیانیش لە كەركووك رازی نەبوون و داوایان كرد كەسێكی كورد بكرێتە سەرۆكی زانكۆ".
بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق گوتیشی: "لە ئێستادا وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە من كردووە سەرپەرشتیی ئەو زانكۆیە بكەم تا كەسێكی بۆ دادەنرێت، بۆیە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لەو زانكۆیە دەستبەكار بم".
دكتۆر (سەلام) ڕوونیشی كردەوە: "چەند ناوێك پێشكەشی ئێمە كراون و ئێمەیش چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا دەكەین، ئەوەی شاییستەیش بێت دەكرێتە سەرۆكی زانكۆ، كە ئەمەیش بەم زووانە یەكلا دەكرێتەوە".
بڵند ئیبراهیم




