پارتی لە ڕێگای پسپۆڕییەوە دهیهوێ رۆڵی لە پڕۆژەی دەستووردا هەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زهرد له پهرلهمانی كوردستان، دهڵێ، پارتی دەیەوێت لە لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووردا هەموو لایەنەكان بەشدار بن و، بۆ ئەم مەبەستەیش نوێنەرێكی ئێزدی خراوتە ناو لیژنەكەوە. دەیشڵێت، پارتیی دیموكراتی كوردستان دەخوازێت لە ڕێگای پسپۆڕییەوە رۆڵی گرینگی لە پڕۆژەی دەستووردا هەبێت.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی هەستی كرد لە لیژنەی دەستووردا بەشێك لە پێكهاتە جیاوازەكان فەرامۆش كراون، بۆیە كورسییەكی خۆی لەو لیژنەیە دایە ئێزدییەكان، بەو پێیەیش یەكێك لە ئەندامەكانی لیژنەی دەستوور كوردێكی ئێزدی دەبێت لەسەر پشكی پارتی، دووەم یەكێك لە ئەندامەكان ئافرەت دەبێت كە ئەمەیش ڕاگرتنی باڵانسی هەردوو ڕەگەزە، لە هەمان كاتدا لە ئاستی پسپۆڕیدا هەموو ئەندامانی هەڵبژێردراوی پارتی پسپۆڕن و پارتی خۆی بەدوور گرتووە لەوەی كەسە سیاسییەكان بخاتە ناو ئەو لیژنەیەوە".
(خۆشناو) گوتیشی: "پارتی هەوڵی داوە لە بابەتی پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا جۆرێك لە سازان هەبێت و مافی هیچ پێكهاتەیەك نەخورێت و سەرجەم لایەنەكان بەشدار بن، بۆ ئەم مەبەستەیش پێشتر ئاگاداری سەرۆكایەتیی پەرلەمانمان كردووەتەوە كە دەبێت ڕەچاوی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بكرێت".
ئەوەیشی خستەڕوو: "پارتی نایەوێت لەو لیژنەیەدا كە بۆ پڕۆژەی دەستوور دانراوە، حزبایەتی ڕەچاو بكات، بۆیە گەورەترین هەوڵی ئەوە دەبێت لە ڕێگای پسپۆڕییەوە رۆڵی گرینگی لە پڕۆژەی دەستووردا هەبێت نەك لە لایەنی سیاسییەوە، چونكە دەستوور پەیوەندیی بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە" .




