پێشمەرگە بە درێژایی 25 كیلۆمەتر مووسڵی گەمارۆ داوە

باشیك -KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیك ئاماژە بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات و ئەوەیش دەخاتە ڕوو، بۆ قۆناخی داهاتوو پێشمەرگە پێویستی بە چەكی بەهێز هەیە، چونكە شەڕی گەورەی داهاتوو لە مووسڵ دەبێت.
بەرپرسی میحوەری باشیك (حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نێوانی پێشمەرگە و داعش لە باشیك تەنیا 13 كیلۆمەترە، بەڵام سەرجەم شوێنە ستراتیژییەكان ئەوانەی چواردەوری مووسڵ لە چیای زەرتكەوە تا ناوەران و خوارەوە كە درێژاییەكەی 25 كیلۆمەترە، بە دەست هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوەیە، واتا لە ڕووی سەربازییەوە مووسڵ بە درێژایی 25 كیلۆمەتر پێشمەرگە گەمارۆی داوە".
(ئەفەندی) گوتیشی: "بە هۆی بەهێزی و ورەبەرزیی پێشمەرگەوە داعش ناتوانن مۆڵگە لە دەورەی مووسڵ دروست بكەن، چونكە لەبەر فڕۆكە و ئامانجەكانی پێشمەرگە خۆیان ناگرن، ئێستاكەیش پێشمەرگە نزیكی مووسڵ و شەڕی داهاتووی گەورەیش لەو شارەیە، بۆیە پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بكرێت".
بەرپرسی میحوەری باشیك ئاماژەیشی دا: "دۆخی داعش لەناو مووسڵ زۆر خراپ بووە، ئەوەی كە هەیە زۆرەملێیە و بەشێكی زۆری هێزەكانیشیان لە دەورەی مووسڵ بۆ ناو مووسڵ كشاندووەتەوە، چونكە توانای ئیدارەدانی ئەو هەموو سنوورەیان نییە، ئێستایش خەڵك دڵنیا دەكەینەوە كە داعش ناتوانێت لە هیچ میحوەرێكەوە پێشڕەوی بكات و بگرە رۆژ دوای رۆژیش لە هەموو ڕووەكانەوە لاوازتر دەبن".




