٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامانە سرووشتییەكان دەنگە ناشازەكانی كپ كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی نیساندا، موژدەیە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئیدی هەرێم دەتوانێ بە نەوتەكەی، خۆی بەڕێوە ببات و ئەو دەنگە ناشازانەیشی كپ كرد كە سیاسەتی نەوتی هەرێمیان بە شكستخواردوو ناو دەبرد.

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راپۆرتی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان زۆر گرینگ بوو كە لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی نیساندا بڵاوی كردەوە، چونكە ئەو ژمارانەی بڵاو كراونەتەوە كە هەرێم رۆژانە٥٦٢هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت كە لەم رێژەیە ٥٥١هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كراوە، ئەمەیش موژدەیە بۆ خەڵكی كوردستان، لەبەر ئەوەی ئەگەر كێشەمان لەگەڵ بەغدا بۆ دروست بوو، ئێمە دەتوانین نەوتی خۆمان بفرۆشین و هیچ كێشەمان نابێت، چونكە ئەگەر لە هەر بەرمیلێك ٤٥دۆلار بۆ هەرێم بمێنێتەوە، دەتوانێ مووچەی پێ دابین بكات و٥٠ ملیۆن دۆلاریش دەمێنێتەوە".
(شەعبان) گوتیشی: "لە پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكاندایە لە كۆتایی ئەم مانگەوە رۆژانە ٦٢٥هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەم شێوەیەیش ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت ٤٥دۆلار بۆ هەرێم بێت، دەكاتە ٨٥٠ملیۆن دۆلار كە بە ٧١١ ملیۆن دۆلار مووچە دەدرێت ١٣٩ملیۆن دۆلار دەمینێتەوە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتواندرێت وەبەرهێنانی پێ بكرێت، ئەمەیش دڵنیایی دەداتە هەرێمی كوردستان كە دەتوانین بە نەوتی خۆمان، خۆمان بەڕێوە ببەین".
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەو دەنگە ناشازانەی لە هەرێم و عێراق دژی سیاسەتی نەوتی هەرێم بوون، بەو راپۆرتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بێدەنگ كران".
دەشڵێت: "دەمەوێت وەكو پەرلەمانتارێكی پارتی ئەو پەیامە بدەم كە ئەوانەی سیاسەتی نەوتی هەرێمیان بە شكستخواردوو وەسف دەكرد و پشتگیرییان لە عێراق دەكرد كە هەرێم توانای هەناردەكردنی ئەو رێژە نەوتەی نییە، موزایەدەی سیاسییان دژی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكرد، بەڵام ئێمە سەلماندمان وەكو پارتی كار دەكەین و ئەوانیش موزایەدە دەكەن، بۆیە لە ئێستادا خەڵك با دادوەر بێت و بڕیاری لەسەر بدات، كە پارتی چەند سەركەوتوو بوو لە ئیدارەكردنی سیاسەتی نەوتدا، بە حوكمی ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە دەست ئێمەدایە".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار