بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە.. هەرێم لە مانگی نیسانەوە ١٠٠% پابەند بووە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەرەڕای پابەندبووونی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا، بەڵام تاوەكو ئێستا بەغدا بە رێككەوتنەكەوە پابەند نەبووە، چونكە ئەو پارەیەی ئەمجارە رەوانەی كردووە، زۆر لەوە كەمترە كە پێویستە بینێرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە مانگی نیسانەوە ١٠٠% بە رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا پابەند بووە و ئەو رێژەی بۆی دیاری كراوە لە ناردنەدەرەوەی نەوت، ناردوویەتی، بەڵام بەغدا تاوەكو ئێستا پابەند نەبووە بەو رێككەوتنەوە، چونكە بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، پێویستە بەغدا مانگانە ترلیۆنێك و٣٠٠ملیار دینار بەشی هەرێمی كوردستان رەەوانە بكات".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "ئەو بڕەپارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی رەوانە كردووە، زۆر لەوە كەمترە كە پێویستە رەوانەی بكات، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارەی نەختینە تەنیا ئەو بڕەپارەیەی رەوانە كردووە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان جارێ چاوەڕێ دەكات تا ئەو كاتەی نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و بەغدا پارەی بە دەست دەگات، چونكە لە ئێستادا ئەو بڕەپارەیەی لە فرۆشتنی نەوت دەگاتە عێراق، دابەش دەكرێت و پارەی نەختینە نییە.
بڵند ئیبراهیم




