سەرپەرشتیاری زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانی هەولێر و کەرکووک دەستگیر کرا

هەولێر-KDP.info-لە رایگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاتووە، هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ههرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاساییشی هەولێر و ئاساییشی کەرکووک توانیان لە پارێزگای کەرکووک تیرۆریست (رعد هادی لفتە حسن) ناسراو بە (عەبدولمەجید) سەر بە عەشیرەتی خەزرەجی، دەستگیر بکەن.
دەقی راگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان:
ئێوارەی ئەمرۆ رێکەوتی 6/5/2015، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیرۆریست (رعد هادی لفتە حەسەن) ناسراو بە "عبدولمەجید" سەر بە عەشیرەتی خەزرەجی، دەستگیر کرا.
هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ههرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاساییشی هەولێر و ئاساییشی کەرکووک توانیان لە پارێزگای کەرکووک ئەم تیرۆریستە دەستگیر بکهن، كه بەپێی دانپێدانانی ئەو گروپە تیرۆریستییەی پێشتر دەستگیر کرابوون و دانپێدانانەکانیان بڵاوکرایهوه، ناوبراو سەرپەرشتیاری زۆرێک لە کردەوە تیرۆریستییەکانی پارێزگای کەرکووک و هەر سێ تەقینەوەکانی هەولێر لە رێکەوتەکانی (23/8/2014 و 19/11/2014 و 17/4/2015) بووە. ئەم تیرۆریستە، کە دوای پلەی لە ناو گروپی تیرۆریستیی داعش بەرپرسی قاتعی کەرکووک بووە، لە ساڵی 2006 پەیوەندیی بە گروپی تیرۆریستی "کتائب ثورە العشرین" کردووە و دواتر لە ساڵی 2008 پەیوەندیی بە گروپی تیرۆریستیی بە ناو دەولەی ئیسلامی لە دیالە کردووە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان
6/5/2015




