٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مزووری: شیعەکان دەزانن سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە بۆیە نیگەرانن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- کوتلە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق چەندین لێدوانیان سەربارەت بە سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەمەریکا داوە و، نیگەرانیی خۆیان بەو سەردانە دەربڕیوە؛ پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوان دەزانن سەردانەکە زۆر گرنگە بۆیە پێی نیگەران بوونە.

(بەنگین مزووری) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستانبە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کوتلەکانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق پێیان وایە سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەمەریکا بۆ دابەشبوونی عێراقە و، کوردستان دەبێتە دەوڵەت، ھەر بۆیە بڕیاریان دا کە پڕۆژەیاسای پڕچەککردنی پێشمەرگە و سوننەکان لەلایەن ئەمەریکا ڕەت بکرێتەوە.
(بەنگین مزووری) گوتیشی، شیعەکان سەلماندیان کە تائیفیەت بەکار دەھێنن، چونکە زۆر ھەوڵیان دا کورد و سوننە ببەنە پاڵ خۆیان، سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام بۆ خەڵک دیار بوو کە عێراق نزیک بووەتەوە لە دابەشبوون بۆ سێ بەش کورد وسوننە و شیعە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، ئەمەریکاش دەیویست ئەوە بزانێت، بەڵام بۆیان ڕوون بووەوە کە پێکەوەژیان لە عێراقدا ئەستەمە.
(مزوری) ڕاشیگەیاند، سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی باس لە دوای پێشهاتەکان بکات، لەوانە شەری داعش و پڕچەککردنی پێشمەرگە و دۆخی کوردستان، چونکە حکوومەتی عێراق تا ئێستا بەشی ھەرێمی نەداوە لە چەک و ئەوەش لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا ڕوون دەکرێتەوە و، ئەوانیش دیراسەی دەکەن و بڕیاری خۆیان لەسەر دەدەن.
ئەوەشی خشتە ڕوو، شیعەکان دەزانن سەردانی سەرۆک بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە بۆیە زۆر پێی نیگەران بوونە.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار