وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داتاکانی ناردنی نەوتی ئاشکرا کرد

هەولێر-KDP.info-وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەكردن بۆ مانگی نیسانی ٢٠١٥ بڵاو کردەوە کە ڕاپۆرتەکە پڕ وردەكارییە و هەناردەكردنی نەوتی خاوی بۆ مانگی نیسانی لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی كوردستانەوە بۆ بەندەری جیهان لە توركیا دەخاتە ڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتەكە كە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، لە مانگی نیساندا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان (16,878,985) بەرمیل نەوتی خاو (تێكڕا 562,633 بەرمیل لە ڕۆژێکدا)ی لە ڕێی لوولەنەوتەکانی كوردستانەوە هەناردەی بەندەری جیهان كردووە لە توركیا.
لەم بڕە، كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە12,457,371 بەرمیل (واتە بە تێكڕای 415,246 بەرمیلی ڕۆژانە) بەشدارییان كردووە، لە كاتێكدا كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە4,421,614 بەرمیل (واتە تێكڕا بە 147,387 بەرمیلی ڕۆژانە) بەشدار بوون.
لە كۆتایی مانگی نیساندا، ئاستی كۆگاكانی ئەمباركردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جیهان لە 1,182,094 بەرمیلدا بووە، كە هەمووی ڕادەستی سومۆ كراوە وەك بەشێك لە پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نیساندا.
لە نیساندا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 16,026,290 بەرمیل (واتە تێكڕای 534,210 بەرمیلی ڕۆژانە، بەو 1,182,094 بەرمیلەشەوە كە لەسەرەوە باس كرا، ڕادەستی سۆمۆ كردووە.
لە ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ئاماژە بەوەكراوە بە هۆی چەند بارودۆخێكەوە كە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، ماوەی 22 كاتژمێر كاتی لەكاركەوتن هەبووە لە هێڵی بۆری هەناردەكردندا لە مانگی نیساندا. بە ڕەچاوكردنی ئەم لەكاركەوتنانە ، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێكڕای 551,047 بەرمیلی ڕۆژانەی ڕادەستی سۆمۆ كردووە.
له ڕاگهیێنراوهكهدا هاتووه: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ڕێگەی خۆی ماوەتەوە بۆ بەدیهێنانی پابەندبوونەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت بەپێی بوودجەی فیدراڵی 2015 و خۆشحاڵە بەوەی کە بڕەکانی هەناردەکردنی حکوومەتی هەرێم، کە لە ئێستاوە ئاستی خۆی تۆمار کردووە، بەردەوام لە زیادبووندان.
یەحیا سابیر




