حكوومەت بە شوێن ئێزدییە ڕفێندراوەكاندا دەگەڕێ

هەولێر-KDP.info- (د. دیندار زێباری) ڕایگەیاند: "داعش لەوەتی هێرشی کردووەتە سەر كوردستان، کۆمەڵە پیاو و ئافرەت و منداڵێکی ئێزدیانی ڕفاندووە؛ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی جیاجیا هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەم ڕفێنراوانە بزانێت و ڕزگاریان بكات و، ڕێوشوێنی تایبەتیشی گرتووەتە بەر."
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا كۆمەڵێک دیپلۆمات و بەرپرسی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دانیشتبوون؛ سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان (د.دیندار زێباری)، بە بەر چاوی ئەوانەوە ڕایگەیاند كە بە هەوڵ و كۆششی بەردەوامی حكوومەتی هەرێم تا ئێستا توانراوە ژمارەیەكی زۆری ئێزدییە ڕفێنراوەكان ڕزگار بكرێن لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان و هەوڵیش هەر بەردەوامە لەم بوارەدا. ئەو بەینە حكوومەتی هەرێم لێژنەیەكی تایبەتی دامەزراندووە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزدییە ڕفێندراو و ڕزگاركراوەكان؛ بەو مەبەستەش چەند لایەنێكی پەیوەندیدار دەستیان کردووە بە کار."
هەروەها لەسەر ئاستی جیاجیادا لە هەرێم هەڵمەتێكی فراوان دەست پێكراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی بە پەلە بۆ كەیسی ئافرەتە ئێزدییەكان، بڕیاریش وایە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ هەماهەنگییەکی پێویست بکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو و بەدواداچوونی ڕاستییەكان بۆ یارمەتیدان و قەرەبووكردنەوەی ئافرەتە ئێزدیەكان كە ڕزگار دەكرێن."
لە میانەی پرێس كۆنفرانسەكەدا (زێباری) ئاماژەی بە ژمارەی ئەو ئێزدیانە كرد كە لە لایەن داعشەوە ڕفێندراون و گوتی: "ژمارەیان 5,500 كەس زیاترە، بەڵام بە هەوڵ و كۆششی حكوومەتی هەرێم و بەپێی دوایین سەرژمێری لایەنە پەیوەندیدارەكان تا ئێستا 1140 كەسیان لێ ڕزگار كراون، لەوانە 650 ئافرەتن. ئەوانەی كە ئازاد دەكرێن حكوومەتی هەرێمی كوردستان گشت پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات لەرووی شوێنی حەوانەوە و خۆراك و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە هاوكاری لەگەڵ ئاژانسەكانی یوئێن و ڕێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان،"
هەروەها گرنگییەكی زۆر بە لایەنی دەروونی ئەو ئافرەتانە دەدرێت، چونكە زۆربەیان كەسوكاری خۆیان لە دەست داوە و پێویستیان بە باشتركردنی لایەنی دەروونی هەیە بۆ ئەوەی دووبارە بێنەوە ناو كۆمەڵگا و وەك هەر تاكێكی دیكە دەست بە ژیان بكەنەوە. لە لایەكی ترەوە هانی پیاوە ئایینییە ئێزدییەكانیش دەدرێت بۆ ئەوەی ئێزدییەكان لە گەورەیی كارەساتی ڕفاندنی كچان و ئافرەتانیان وشیار بكرێنەوە و لە نێوكۆمەڵگادا وەك كەسێكی ئاسایی سەیر بكرێنەوە و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە كاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نەمینێت.
زێباری ئاماژەی بەوەش كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی ئێزدییەكان و لەم بارەیەوە گوتی: "بەپێی پرەنسیپە كارپێكراوەكان لە ناساندنی هەر كەیسێك بە كۆمەڵكوژی، ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزدییەكان کراوە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە كوشتن لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ و تاڵانكردن و داگیركردنی زەوی و خاك و ڕفاندنی كچ و منداڵ بە جینۆساید دادەنرێت؛ حكوومەتی هەرێمیش هەوڵێکی زۆری داوە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە ئەم بابەتە حكوومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەری یاساناسی ئێزدییەكان پێكەوە لەگەڵ چەند لایەنێكی تر. ئەركی سەرەكی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دوكیومنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و تا ئێستا بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆ كراونەتەوە، هەروەها چەندین لێژنەی لاوەكی دامەزراوە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بۆ ئەوەی كاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لە ناساندنی ئەم كەیسە وەك جینۆساید.هەروەها چەند لێژنەیەكی تری لاوەكی دامەزراون لە ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، یەكێتیی ئەورووپا.
لە كۆتایی پرێس كۆنفرانسەكەدا (دیندار زێباری) ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم سەبارەت بە تۆماركردنی كەیسی تاوانی دژی ئێزدییەكان لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی لە لاهای كرد بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگای ئەم میكانیزمەوە حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێكارە یاساییەكان بگرێتە بەر بۆ تۆمار كردنی ئەم داواكارییە و پێشكەشكردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای. لە لایەكی تریشەوە دامودەزگا حكوومییەكان لە هەرێم پێكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵی ئەوەدان كە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی ڕێگا بدرێت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەركەكانی جێبەجێ بكات لە وڵاتدا بە تایبەتی لە بابەتی ئەو تاوانانەی كە دژ بە ئێزدییەكان لەلایەن داعش ئەنجام دراون.




