لیژنەی كاروباری ئافرەتان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك زیاد كرا

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی لیژنە نوێیەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، لە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەی كاروباری ئافرەتان درا وەكو لیژنەیەكی نوێ كە، لە سەرۆك و 8 ئەندامی ئافرەتی ئەنجوومەن پێك دێن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لە فڕاكسیۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی كاروباری ئافرەتان (جەمیلە محەممەد ئیسماعیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 30-4-2014 چەندین لیژنەی جۆراوجۆر پێك هاتوون بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵام هیچ لیژنەیەكی ئافرەتان نەبوو، بۆیە دوای داواكردنی ئەنجوومەنی خانمان و رێكخراوەكانی پەیوەندیدار بە كاروباری ئافرەتان، لیژنەیەكی تایبەت بە ئافرەتان لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێك دێت بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیش لەسەر داوای ئەنجوومەنی خانمان و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری دا لیژنەیەكی تایبەت بە ئافرەتان پێك بێت".
(جەمیلە) ڕاشیگەیاند: "ئەم لیژنەیە لە سەرۆك و 8 ئەندامی ئافرەت پێك هاتووە و ئەمڕۆیش دەستبەكار دەبین، بەمەیش لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەنگی ئافرەتان دەبین تا بە گشت مافە ڕەواكانی خۆیان شاد ببن".
سەرۆكی لیژنەی كاروباری ئافرەتان گوتیشی: "ئامانجمان خزمەتكردنی ئافرەتان و داكۆكیكردن دەبێت لە گشت مافەكانیان بە تایبەت ئێستا ئەو ئافرەتانەی لە چنگی تیرۆریستانی داعشدان و ئەوانەی رزگاریش كراون، هەروەها ئەو ئافرەتانەی لە نێو كەمپەكاندان لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە یارمەتیدەریان دەبین و لە نزیكەوە لەگەڵیان دادەنیشین".
نەشوان بەرزنجی




