خەلیلزاد: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بە لای ئەمەریکاوە گرینگە.. کورد مافی خۆیەتی نەوت هەناردە بکات

واشنتن-KDP.info- سەردانەکەی (سەرۆک بارزانی) بە لای ئەمەریکاوە گرینگە، چونکە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری بۆ ئەو شەڕە داوە کە بۆ هەموو جیهان مەترسییە. گوتیشی، ئەگەر کورد چەکیشی نەبووایە شەڕی داعشی هەر دەکرد.
(زاڵمای خەلیلزاد) دیپلۆماتکاری ئەمەریکا و یەکەم باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە دوای رووخانی رژێمی (سەددام) لە عێراق بۆ ڕووداو راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی (سەرۆک بارزانی) و (سەرۆک ئۆباما)دا باس لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ کراوە و کێشەی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئاوارەکانیش خراوەتە بەرباس.
(خەلیلزاد) هەروەها گوتی "سەردانەکەی (سەرۆک بارزانی) بە لای ئەمەریکاوە گرینگە، چونکە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری بۆ ئەو شەڕە داوە کە بۆ هەموو جیهان مەترسییە". گوتیشی "ئەگەر کورد چەکیشی نەبووایە شەڕی داعشی هەر دەکرد".
(زاڵمای خەلیلزاد) جەختی کردەوە کە "ئەگەر بەغدا چەک بە کورد نەدات، دەبێ ئێمە چەکیان پێبدەین، باسی پێداویستییەکانیش کراوە کە کورد بۆ شەڕی داعش دەیەوێن".
لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێریش (خەلیلزاد) گوتی: "کورد لەگەڵ ئەوەی ئەرکی خۆی لەناردنی نەوت بەباشی جێبەجێ کردووە، بەڵام بودجە و مافی خۆی وەرنەگرتووە، بۆیە مافی خۆیەتی نەوت هەناردە بکات بۆئەی بتوانێ ژیانی هاووڵاتیانی دابین بکات، کە ئەوە رەنگە بە لای ئەمەریکاوە ئاسایی بێت".
هەروەها (سەرۆک بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە سەنتەری بازرگانی ئەمەریكا، لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ (باراك ئۆباما) گوتی: "كۆبوونەكەمان زۆر سەركەوتوو بوو، سوپاسی گەلی كورستانیشم بە سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری گەیاند بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعشدا و لەم تەنگانەیەدا پشتیوانیان لە گەلی کورد کرد".
ئەمشەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ (باراك ئۆباما) سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، (جۆ بایدن) جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی كۆبوونەوە.




