ڕێگای 'خورماتوو ــ كفری'ـیان داخست

خورماتوو-KDP.info- وا دەبێتە سێ مانگ، چەكدارانی شیعە ڕێگای خورماتوو - بەغدایان گرتووە و، هەتا ئێستایش بە قسەی کەس ناکەن، ڕێگاکە بەر بدەن؛ خاوەن كارگە و چێشتخانەکان و كاسبكارانی سنوورەكەیش، لە داخا ڕێگای خورماتوو ــ كفرییان گرت.
لەبەر شەڕی داعش، 75 ڕۆژ زیاتریشە ڕێگا سەرەكییەکەی خورماتوو – بەغدا گیراوە و، هاتوچۆی زەحمەت کردووە؛ خەڵک ناچارە لە نزیك سنووری سلێمانبگەوە بچن بەرەو گەرمیان و لەوێیشەوە بەرەو خانەقین و مەندەلی و ئینجا بچنە ناوەندی دیالە و بەغدا. گرتنی ئەو ڕێگایە زەرەرێکی زۆریشی لە خاوەن گاركە و چێشتخانەكان داوە.
(محەمەد فایەق) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی دووزخورماتوو، تایبەت بە ماڵپەڕی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرچەندە بڕیار بوو ئەمڕۆ ڕێگاكە بكرێتەوە، بەڵام چەكدارانی شیعە و، پۆلیسی دیالە هێشتا ڕەزایەتیان نەداوە."
(محەمەد قایەق) گوتیشی، بۆ كردنەوەی ئەو ڕێگایە ئیدارەی دووزخورماتوو لەگەڵ زۆر لایەنە بەرپرسی حكوومەتی عێراقدا قسەیان كردووە، بەڵام بەڵێنەكەیان نابەنە سەر.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم خاوەن كارگە و چێشتخانەکان و كاسبكاران لە نزیگ گوندی یاسا لە داخی نەكردنەوەی ڕێگاكەی بەغدا، ڕێگای "دووزخورماتوو ــ كفری'ـیان داخست؛ ئێستا بەغدا و ناوچەكە بە تەواوەتی لێک دابڕاون.
ڕوونیشی كردەوە، لەوەتی ڕێگای بەغدا ــ خورماتوو گیراوە، كاسبكار و خاوەن كارگە و چێشتخانە زەرەری زۆریان کردووە؛ چەند جارێکیش خۆپیشاندانیان کرووە، بەڵام فایدەی نەبووە.
كاروان جاف




