لە باشیک و تەلەعفەر ١٢ سەرکردەی داعش کوژران

مووسڵ-KDP.info-ئەمڕۆ لە ناوچەکانی تەلەعفەر و شنگال ١٢ سەرکردەی داعش کوژراون و تەرمەکەیشیان گەیشتوونەتەوە پزیشکی دادوەریی مووسڵ.
(عیسمەت ڕەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش ٣٠ خاوەن نووسینگەی مەنەفێستیان بە تۆمەتی ساختەکردن، لە ناوچە گرتووخانەی باشوری مووسڵدا گوللەباران کردووە."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ پزیشکی دادوەریی مووسڵ ١٢ تەرمی سەرکردەکانی داعشی وەرگرتووە، کە لە بۆردوومانی تەلەعفەر و شنگالدا کوژرابوون.
لای خۆیشەوە (سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە میحوەری ناوەران تیرۆریستانی داعش بە ئۆتۆمبێلی خۆکوژی ھێرشیان هێنایە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی ڕوبەڕوویان بوونە و تێک شکێندران، لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلەکە سووتا و، ھەشت تیرۆریستیش کوژران."
(سەعید مەموزینی) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ لە ناوچەی باب بیز کۆمەڵە چەکدارێکی نەناسراو ھێرشیان کردە سەر بارەگایەکی داعش، لە ئاکامدا شەش تیرۆریست کوژران.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەیشڵێت، تیرۆریستانی داعش لە گەرەکی تەنەکی شاری مووسڵ چوونەتە سەر بنەماڵەیەکی حەفتکەسە و، هەرحەفتەکەیانیان کوشتووە.
بڵند ئیبراھیم




