د.سەلام خۆشناو بە وەکالەت دەبێتە سەرۆکی زانکۆی کەرکووک

کەرکووک-KDP.info-دیارە لەبەر ناڕەزایەتیی کورد، سەرۆکە تورکمانە شیعەکەی زانکۆی کەرکووک دەستی لەکار کێشایەوە؛ بڕیارە سبەینێ بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق بگاتە کەرکووک و، هەتا سەرۆکێکی نوێی بۆ دادەنرێت، سەرپەرشتیی ئەو زانکۆیە بکات؛ بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەو پۆستە پشکی پارتییە و، پێویستە کاندیدێکی پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت.
(محەمەد کەمال) بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەینێ (د. سەلام خۆشناو) بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق، کە خۆیشی کوردە بگاتە کەرکووک و، بۆ ماوەیەکی سەرپەرشتی زانکۆی کەرکووک بکات تا ئەو کاتەی دۆخەکە ھێور دەبێتەوە و، کەسێکێ دی بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێ، لەوێ دەمینێتەوە."
(محەمەد کەمال) گوتیشی، بە پێی تەوافقی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە پۆستی سەرکۆمارەوە بیگرە تا دەگاتە پۆلیسێک، ئەو پۆستە پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستانە و، پێویستە کاندیدێکی پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت، کە ئێمە چەند کەسێکمان بۆ ئەو پۆستە پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی یەکێکیان ھەڵبژێردرێت.
گوتیشی، ئەگەر لایەنەکانی دیکەش کاندیدیان پێشکەش کردبێت ئاساییە، بەڵام پێویستە کاندیدێکی پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت، چونکە مافی ئێمەیە.
بڵند ئیبراھیم




