٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

كونسووڵی گشتیی بەریتانیا سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-بە مەبەستی ئاشنابوون بە كاروچالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چۆنیەتی هاریكردنی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، شاندێكی كونسووڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد.

5/5/2015 شاندێكی كونسووڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر بە مەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە كارە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان، كە پێك هاتبوو لە (ئەنگز مەككی) كونسووڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و (ریچارد گوێرا) ڕاوێژكاری یارمەتییە مرۆییەكانی كونسووڵخانە سەردانی دەزگایان كردو لەلایەن سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و جێگری سەرۆكی دەزگاوە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.

لە دیدارێكی نێوانیاندا شاندی میوان بەسوپاسەوە باسیان لە كاروچالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە سەرجەم كەمپەكان بە شێوەیەكی بەردەوام لە سەرجەم كەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام خزمەتیان دەكات و پێداویستی و كەموكوڕییەكانیان بۆ دابین دەكات، هەروەها ئاماژەیان بە كاری هاوبەش كرد لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی ئاوارەکان و باشتركردنی ژیانیان لەنێو كەمپەكاندا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی نێوانیاندا باسیان لە دانانی پلانی فریاگوزاری پێشوەختە كرا سەبارەت بە هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەکانی پارێزگای مووسڵ، لەكاتی پرۆسەی ئازادی شارەكەدا ڕوو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەها ڕایانگەیاند دەكرێ بە هەماهەنگی هەموولایەك لە ئامادەباشیدا بن بۆ دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئەو ڕێژە پەنابەرەی كە چاوەڕواندەكرێت لەكاتی ئازادكردنی موسڵ لەدەستی تیرۆریستان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
هەر لەدیدارەكە، لەلایەن سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و جێگری سەرۆكی دەزگاوە پوختەیەكیان لەكارو چالاكی بەردەوامی دەزگا بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە لەسەرەتای هاتنی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای كوردستان و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستی خێرا و كۆمەكی جۆراوجۆریان كردوون بەبێ ڕەچاوكردنی جیاوازیی ئایینی و نەتەوەییەكان، هەروەها لەلایەن سەرۆكایەتی دەزگاوە هیوایان خواست كە وڵاتی بەریتانیا وەكو وڵاتێكی زلهێز ڕۆڵێكی سەرەكی ببینێت لە بەهاناوەچوونی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان، دواتر باس لەچۆنیەتی هەماهەنگی نێوان ڕێكخراوەكانی بەریتانیاو ڕێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا بۆ ئەوەی پێكەوە كار بکەن.
دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی دەزگاوە چەندین پێشنیار خرانە بەردەم كونسووڵگەریی بەریتانیا بۆ ئەوەی كاری هاوبەشیان لەگەڵدا بکەن، لەوانە: باسیان لە چۆنیەتیی دانانی میكانیزمێك بە مەبەستی گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارە بۆ شوێنە ئازادکراوەکە پارێزراوەکەی خۆیان، کە هێزەكانی پێشمەرگە دەیانپارێزن؛ لەوانە كردنەوەی چەند كارگەیەك و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە، هەروەها پێشنیاری ئەوەیان كرد بۆ شاندی میوان كە چۆن لە ڕووی دەروونی و سایكۆلۆژییەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ خێزانە پەنابەرەكان بكرێت، كردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری و كولتوری و هونەری بۆ ئەو ناوچانەی كە ئازادكراون. هەروەها پێشنیاری ئەوەشیان كرد كە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی بەریتانیا بە مەبەستی كۆمەكی زیاتری ئاوارەکان كەمپین و بابەتی مرۆیی بڵاو بكەنەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بەریتانیا كۆمەكی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان بكەن. لەكۆتایی دیدارەكەدا شاندی میوان بەڵێنیاندا درێغی نەكەن لە هاریكاریكردنی ئاوارەکان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار