ئەنجوومەنی دادوەری پاڵپشتی بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەربڕی

هەولێر-KDP.info-لەدانیشتنێكی نێوان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكار و نوێنەری ئەنفالكراوان و ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە بواری ئەنفالەكان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی ئەنجومەنی دادوەری بۆ داواكاریی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان دووپات كرایەوە.
ئەمڕۆ (ئەحمەد عەبدوڵا زوبێر) سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازی كرد لە ژمارەیەك كەسوكارو نوێنەرو چالاكوانانی ڕێكخراوەكانی ئەنفال. سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لە وتەیەكدا ڕایگەیاند دادوەر و دادگاكان بەناوی گەلەوە بڕیار دەردەكەن، بۆیە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان دادگاو هاووڵاتیەوە هەیە و ئەنجومەنی دادوەری بەردەوام هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە بەهێزتر و پتەوتر بێت لەنێوانیان.
سەبارەت بە پرسی دەستگیركردنی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ڕایگەیاند دەستبەجێ لەگەڵ هاتنی بڕیاری گرتنی ئەو كەسانە لە بەغداوە، ئەنجومەنی دادوەری گشتاندنی بۆ ئەو بڕیارە كرد و بۆ تەواوی دادگاكانی هەرێمی كوردستان ناردووە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەوەی دەبینرێت ئەو كەسانە دەستگیرنەكراون كە لایەنی تایبەتمەند بە دەستگیركردنی ئەو كەسانەش دەسەڵاتی جێبەجێكردنە نەك دەسەڵاتی دادوەری و بە داخەوە ئاراستەكە بەرێگەیەك بردراوە هەروەك چۆن دەسەڵاتی دادوەری بەرپرسیار بێت، بەڵام بەشێكی زۆر لە بەرپرسیارێتیەكە دەكەوێتە سەر لایەنی جێبەجێكار. هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری باسی لەوەش كرد كە پێویستە سەبارەت بەو پرسە دەسەڵاتەكانی دیكەی هەرێم بەدوای چارەسەر یان میكانیزمێكی نوێ بن بۆ ئەو كەیسە، چونكە ئەو دادگایەی كە بڕیاری دەستگیركردنی ئەنفالچیەكانی دەركردبوو، ئێستا لە بەغدا زۆر بچوك بۆتەوە و هەروەك نەمابێت. سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری دووپاتی كردەوە كە ئەنجومەنی دادوەری ئامادەیە دیسان گشتاندن بۆ بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی بەغدا دەربكات بۆ گرتنی ئەو كەسانە و ڕێگەش بە كەس نادرێت بازرگانی بەو كەیسە بكات یان سووكایەتی بە كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان بكات.
دواتر كەسوكار و نوێنەری ڕێكخراوەكانی ئەنفال سەرەڕای دەربڕینی خۆشحالی زۆری خۆیان بەو دانیشتنە ڕایانگەیاند ئەو دانیشتنە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری لەگەڵ داواكاریی ئەوانەو ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ئەو بڕواو متمانەیە دوولایەنەی نێوانیانە.
لەلایەن خۆیانەوە، كەسوكاری ئەنفال بە تێرو تەسەل داواكاریی و ڕەخنەو تێبینییەكانی خۆیان گەیاندە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرد كە چەندین داواكاریی تێدا ئاراستە كرابوو و داوایان كرد ئەو دانیشتنانە لەگەڵ نوێنەرانی ئەوان بەردەوام بێت.
لە كۆتاییدا سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری گوتی مەبەستی سەرەكی دانیشتنەكە پشتگیریكردن لەداواكاری كەسوكاری ئەنفال و گەیشتن بە چارسەریی پێویست و نەهێشتنی لێك تێنەگەیشتنەكانە بۆیە لەسەر ئەو بابەتە دانیشتنی تایبەت لە ئەنجومەنی دادوەری ئەنجام دەدرێت و ڕێوشوێنی بە پەلە و پێویست و گونجاو بۆ ئەم مەبەستە دەگیرێتە بەر و ئەوەی بكرێت بۆ كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان درێغی لێ ناكەین.




