٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كرواتیا هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكات.. كۆنسووڵخانەیش ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆماری كرواتیا ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی لەسەر هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە و، هیوایشی خواست كە لە كاتێكی نزیكدا و لە بەرژه‌وەندیی خەڵكی كوردستان و پێشمەگەدا كۆتایی بەو شەڕە بێت. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌، كرواتیا ئامادەیە هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات و، وەك كارئاسانیش بۆ ئەم بابەتە ئامادەن لە داهاتوودا كۆنسووڵخانەی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكاندا زیاتر برەو بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بدەن.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 4/5/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (ڤێنسا پوسیچ) جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆماری كرواتیا و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا خاتوو (پوسیچ) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی دا كە، لە میانی سەردانەكەیدا سەردانی چەند دەزگایەك لە هەرێم دەكات، لەوانەش پەرلەمان و دەزگاكانی حكوومەت و كەمپی ئاوارەكان. هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی كرد كە بە ئیمكانیاتێكی دیاریكراوه‌وه‌ توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارەی دەستی تیرۆر بكەنەوە و، لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكەن و، هەروەك سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد كە بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و توانیویانە بە شێوەیەكی سەركەوتوو بەرگری لەو بنەما هاوبەشانە بكەن كە دونیای ئازاد باوەڕی پێیەتی.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خاتوو (پوسیچ) ئاماژەی دا كە، كرواتیا بە پێی ئیمكانیاتی خۆی لە ڕابردوودا هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە داهاتوویشدا بە هەمان شێوە لەسەر هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە و، هیوای خواست كە لە كاتێكی نزیكدا و لە بەرژه‌وەندیی خەڵكی كوردستان و پێشمەگەدا كۆتایی بەو شەڕە بێت و هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشڤەچوونی ئابووری و سەقامگیری و دیموكراسی و ئاوەدانی و دامودەزگاییەوە، بەردەوامی بە كاروانەكەی بدات و ئەو جێگە و پێگە ئابوورییەی كە پێشتر هەیبوو، زیاتر بەرزی بكاتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەش كرواتیا ئامادەیە هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات و، وەك كارئاسانیش بۆ ئەم بابەتە ئامادەن لە داهاتوودا كۆنسووڵخانەی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكاندا زیاتر برەو بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بدەن.

 

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كرواتیای كرد بۆ ئەو سەردانە و وتە بەنرخەكانی لە بەرامبەر هەرێمدا و، هەروەك سوپاسی كۆماری كرواتیای كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە چوارچێوەی هێزە هاوپەیمانەكاندا لە ڕابردوو و داهاتوویشدا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی كردوون و دەیكات و، هیوای خواست سەردانەكەیان سەركەوتوو بێت بە شێوەیەك بتوانن لەو ماوەیەی كە لە هەرێمی كوردستانن، لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی هەرێم و گرفتەكانی بن بە تایبەتی لە ڕووی مرۆیی و سەربازییەوە. ئاماژەی بەوەش كرد كە لە داهاتوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك و پێشوازیش لە سەرمایەگوزاری و ئەزموونی سەركەوتووی كرواتیا لە بوارە جیاجیاكاندا دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەت ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكە.

 

گفتوگۆكردن لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و زیاتر تۆكمەكردنی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە و كۆمەڵێك بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە ناوچەكەوە، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوون.

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار