فراکسیۆنی زەرد: هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە

هەولێر-KDP.info-(ئومێد خۆشناو) سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان دەربارەی پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور نەگەیشتوونەتە ئەنجام و، هیچ ڕێککەوتنێکیش نەکراوە.
(ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور کۆبوونەوە، نەگەیشتینە هیچ ڕێککەوتنێک بۆئەوەی ئەو لیژنەیە دروست بکرێت، بەڵام ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە چۆن دەستوور پێویستی بە سازان هەیە بەهەمان شێوە لیژنەی ئامادەکردنی دەستووریش پێویستە بە سازان دروست بکرێت."
(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتن نەکراوە و، هیچ کۆنووسێکیش ئیمزا نەکراوە و، تەنها ئەوە بووە نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک و، باس لەوە کراوە کورسی پەرلەمانی پێوەر بێت بۆ دروستکردنی ئەو لیژنەیە، بەڵام خوازریان لە لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور هیچ لایەنێک فەرامۆش نەخرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، مافی فراکسیۆنە 'تاكکورسی'ـیەکانیشە کە نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبێت و ئێمە پشتگیری لە داواکارییەکەیان دەکەین، چونکە ناکرێت بەبێ پرسی هەموو لایەنەکان کار لەسەر دەستوور بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




