مینحەی ئەو سەنتەر و رێکخراوانەی چالاکن دەدرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبری لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە حەفتەی دابێ دوای دەستەبەندی، مینحەی سەنتەر و ڕێکخراوە چالاک و خاوەن پڕۆژەکان بگەڕێندرێتەوە، کە ماوەیەکی لەمەوبەر بڕیارێکی وەزارەتی دارایی، مینحەی سەرجەمیان بڕدرا.
(فەرحان جەوھەر) سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبری لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی بڕینی مینحەی سەنتەر و ڕێکخراوەکان لەگەڵ وەزیری داراییدا کۆ بووینەوە؛ وەزیری دارایی باسی لەوە دەکرد بە ھۆی قەیرانی دارایی و پێداویستی بۆ پێشمەرگە ئەو کارەیان کردووە، چونکە لە قەیرانی داراییداینە و ھەوڵی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەدەن و، ئەو بڕیارەش کە دراوە مینحەی ھەندێکیان دەگەڕێتەوە کە پڕۆژە و چالاکییان ھەیە."
سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبری لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، بڕیارە حەفتەی دادێ مینحەی ھەندێک لەو سەنتەر و رێکخراوانە بگەڕێندرێتەوە کە چالاکی و پڕۆژەیان ھەیە، ئەمەیش دوای پۆلینکردنی ئەو سەنتەر و ڕێکخراوانە، چونکە لەنێویاندا ھەیە ناوی سەیروسەمەریان ھەیە و، ھیچ کار و پڕۆژە و چالاکییەکیان نییە.
(جەوھەر) ڕایشیگەیاند، ٣٨٧ سەنتەر و رێکخراوە مینحەکەیان بڕدراوە، بەڵام دیار نییە چەندیان مینحەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




