هەڵەبجە فراوان دەبێت

سلێمانی-KDP.info-بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە ڕەزامەندیی ئیدارەی گەرمیان، ناحیەی بەمۆی سەر بە قەزای دەربەندیخان خرایە سەر پارێزگای هەڵەبجە.
(خدر كەریم) سەرۆکی 'شارەوان'ـی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە حەفتاكاندا ناحیەی بەمۆ و گوندەكانی دەوروبەری سەر بە قەزای ئەوكاتەی هەڵەبجە بوون، بۆیە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە هیواخواز بوون بخرێنەوە سەر پارێزگای هەڵەبجە؛ بەو مەبەستەش چەند جارێك سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان كردووە، داواكارییەکەیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە.
گوتیشی بە مەبەستی بەرزنرخاندنی هەڵوێستی هاووڵاتیانی ناحیەی بەمۆ و لە ئاست داواكارییەکەیان، سبەینێ شاندێكی هەڵەبجە كە لە قایمقام و شارەوان و بەڕێوەبەری ژمارەیەك لە فەرمانگە حكوومییەكانی هەڵەبجە پێك دێن، سەردانی ناحیەی بەمۆ دەكەن و، لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیە و لایەنە پەیوەندارەكان و هاووڵاتیان و چینوتوێژە جیاوازەكانی ئەو ناحیەیەدا كۆ دەبنەوە.
سەرۆکی 'شارەوان'ـی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش كرد دواجار بەڕەزامەندی ئیدارەی گەرمیان و بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داخوازییەکەی هاووڵاتیانی ئەو ناحیەیەی پەسند كرد و جارێكی دیكە ناحیەی بەمۆ خرایەوە سەرپارێزگای هەڵەبجە و لە دوای دەرچوونی نووسراوی فەرمی دەربارەی گواستنەوەی ناحیەی بەمۆ بۆ سەر پارێزگای هەڵەبجە، پاشان ئەوانیش بە شێوەیەكی فەرمی وەك ناحیەیەكی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.
ئاسۆ عەلی




