٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆڕێکی حزبەکان: نێچیرڤان بارزانی هەمیشە بەرژەوەندیی حکوومەتی پێش خستووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (د. سەباح سوبحی) مامۆستای زانستە سیاسییەكان و پسپۆڕ لە حزبەكاندا دەڵێ، سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) كەسێكی زۆر دادپەروەرە بە هەموو پێوەرێك و هەمیشە بیر لە بەرژەوەندیی گشتی دەكاتەوە لە ڕووی سیاسەت و بۆچوون و بیركردنەوە، هەرگیز نایەوێت بەرژەوەندیی حزب بەسەر بەرژەوەندیی حكوومەتدا زاڵ بێت و هەمیشە بەرژەوەندیی حكوومەتی پێش خستووە.


(د. سەباح سوبحی) مامۆستای زانستە سیاسییەكان و پسپۆڕ لە حزبەكاندا بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران (نێچیرڤان بارزانی) ڕوویەكی زۆر ئاشكرای هەبوو لەبارەی پرسی تەوافوق لەنێو حكوومەتەكەی كە ئەمەش زۆر گرینگە بۆ زامنكردنی یەكڕیزی لەنێو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، باشترین بەڵگەش ئەمەیە كە حكوومەتی ئێستا حكوومەتێكی نیشتمانییە و بە یەكگرتنی هەموو لایەنەكان ئەم حكوومەتە پێك هینراوە. ئەمەش بەڵگەیەكی گرینگە كە (نێچیرڤان بارزانی) هەوڵی داوە بۆ یەكڕیزی و یەكخستنی نێوماڵی كورد، بەتایبەت لەم بارودۆخە ناسكەدا. جگە لەمانەی باسم كرد (نێچیرڤان بارزانی) كۆمەڵێك هەوڵی دیکەیشی داوە لە بواری خزمەتگوزاری و چاكسازیدا کە زۆر بەرچاوە؛ سەیر دەكەین چەندین پرۆژە و هەوڵی هەیە بۆ چاكسازی لەناو حكوومەتەكەیدا و ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو، دووبارەنەبوونەوەی لایەنی سلبی و هەوڵدان بۆ چارەكردنی.


وه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ گوتیشی، كاری (نێچیرڤان بارزانی) بۆ داهاتویێكی گەشه‌، سەرەرای هەبوونی ئەم هەموو قەیرانە دارایی و سیاسی و سەربازییە، بەڵام هەمیشە (نێچیرڤان بارزانی) واقعیانە بیر دەكاتەوە و ئەوەندە گرینگی نادات بە پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیا، بەڵكو بە شێوەیەكی پراكتیكی پێداگری دەكات لەسەر پێداویستییەكانی خەڵكی و پەرەی داوە بە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بگرە ناوچە دابڕێنراوەكانیش.


(د. سەباح سوبحی)  ڕوونیشی كردەوە كە سەرۆكی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) کەسێکی زۆر دادپەروەرە بەهەموو پێوەرێک، هەمیشە بیر لە بەرژەوەندیی گشتی دەكاتەوە لە ڕووی سیاسەت و بۆچوون و بیركردنەوە، هەرگیز نایەوێت بەرژەوەندیی حزب بەسەر بەرژەوەندیی حكوومەتدا زاڵ بێت و هەمیشە بەرژەوەندیی حكوومەتی پێش خستووە. خۆ لە ڕووی دیپلۆماسییشەوە زۆر بەهێزە و هەمێشە هەوڵی داوە پەیوەندییەكی بەهێز و نەرمی دیپلۆماتیک دروست بكات بۆ زامنكردنەوەی بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەکەی كوردستان.

ئەم مامۆستایه‌ی زانستە سیاسییەكان گوتیشی: بە دڵنیاییەوە دروستبوونی متمانە لەنێوان حزبەكان و ئیدارەدانی حكوومەتێكی هەمەلایەنە لە مامەڵەیەكی  یەكساندۆست و شەفافی (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ گشت پارت و لایەنەكاندا و بەهیزكردنی هەیمەنی حكوومەت بەسەر حزبدا سەرچاوەی گرتووە. لە ڕاستیدا پارێزگاری لە دەسكەوتەكانی گەڵ پێویستی بە سازش هەیە لە حزبدا، بە تایبەتیش حزبی دەسەڵاتدار و گەورەترین حزب. ئاخر حزبێكی گەورەی وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان مافی خۆیەتی بەو شێوازەی كە خۆی دەیەوێ حكوومەت دابمەزرێنێت و ڕێكەوتن بكات، بەڵام ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسی پارتی لەوەوە دوورە كە بۆ بەرژەوەندی تەسكی كەسێتی و حزبی كار بكات و ئەمەش زۆر بە ئاسانی لە بڕیارەكانیاندا بەرجەستە دەكرێت و بە یەكلایەنی كار ناكەن، خۆ لە كاتی هەر پێشهاتە و كێشەیەكی چارەنووسسازدا (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەكات و، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتیش كار دەكات و بیروبۆچونی حزبەكان و كەمینەكان زۆر لە لایان گرینگە.

ئەو پسپۆڕە گوتیشی: لەوانەیە ئێستا زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێیان خۆش بێت كەوا هەرێم ڕێكەوتن نەكات لەگەڵ بەغدا یان هەڵویستێكی یەكلاكەرەوەمان هەبێت، بەڵام لەرێگەی بینینی ڕاستیەكان ئەمە ناكرێت، دەبێ ئێمە لە سیاسەت هەمیشە خوێندنەوەمان بۆ داهاتوو هەبێت. هەڵویستی (نێچیرڤان بارزانی) كە میحوەری پەیوەندیەكانە لە نێوان هەرێم و بەغدا بووەهۆی ئەوەی كە ئەم ڕێكەوتننامە نەوتیەی ئیستا هەیە بێتە ئاراوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و زامنكردنی مووچەی پێشمەرگە هەمووی هۆكاری سەرەكی ئەم ڕوانگەیە كە (نێچیرڤان بارزانی)  گرتوویەتیە بەر و ڕێگای دیپلۆماسییەتیش باشترین ڕیگایە بۆ چارەكردنی گشت كێشەكان.


سەرباز واحید
 

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار