دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک یەکلا نەبووەتەوە

کەرکووک -KDP.info-گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان رایگهیاند، هێشتا ڕوون نییە کە سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دەستى لە کار کێشاوەتەوە یاخود نا، ئەوەی بڵاو کراوەتەوە تەنیا دەنگۆیە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان کەرکووک- گەرمیان (عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیهی بڵاو کراوەتەوە کە سەرۆکی زانکۆی کەرکووک کە تورکمانێکی شیعەمەزەبە و لەلایەن (حوسێن شەھرستانی)ـیەوە دانراوە و دەستى لە کار کێشاوەتەوە، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە؛ تەنیا ئەمڕۆ قوتابیان خۆپیشاندانێکیان ئەنجام داوە و چوونەتە سەر ژوورەکەی و داوایان لێی کردووە دەست لە کار بکێشێتەوە."
(عەدنان کەرکووکی) گوتیشی: "ئەو کەسە بە شێوەیەکی کاتی دانراوە، تاوەکو سەرەتای مانگی 7 و دەوامی زانکۆ کۆتایی پێدێت و، دواتر کەسێک بە فەرمی بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت؛ هەڵبەت ئێمەیش ئەم پۆستە بە بەشی خۆمان دەزانین و کاندیدیشمان پێشکەش کردووە."
بڵند ئیبراھیم




