٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزى به‌ریتانیا: پێشمەرگە رووبەرێکی فراوانی لەدەستی تیرۆریستان رزگار کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-باڵیۆزی بەریتانیا لەمیانی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، دەستخۆشی و پشتگیریی بەردەوامی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی كە توانیویەتی ڕووبەرێكی فراوان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 4/5/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (فرانك بێیكەر) باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیران دەربڕی و باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەتایبەتی پرسى جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا كرد.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە پرۆسەی سیاسیی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی بارودۆخی ئەمنی و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشى كرد و دەستخۆشی و پشتگیریی بەردەوامی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕی كە توانیویەتی ڕووبەرێكی فراوان لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی باڵیۆزی بەریتانیای كرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ بیروبۆچوون و پشتگیرییە بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بەریتانیا وەك هێزێكی سەرەكیی وڵاتانی هاوپەیمان، لەسەر پشتگیری و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەردەوام بن.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا ده‌رباره‌ى ڕووداوەكان و پێشهاتەكانی ئێستای عێراق و پرۆسەی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر دوا سەردانی هەردوو بەڕێزان (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار