ئەماتزیا بارام: ئامادەیی ئۆباما بۆ كاركردن لەگەڵ كۆنگرێسدا لەسەر پرسی كورد بایەخێکی گەورەی هەیە

هەولێر-KDP.info- (ئەماتزیا بارام) پسپۆڕ و تایبەتمەند لە سیاسەتی ئەمەریكا و عێراق جەخت دەکاتەوە کە "سەردانی ئەمجارەی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەمەریكا زۆر زۆر گرینگە"؛ ئەو پسپۆڕە هەروەها دەڵێ "دەمەوێت بە بیرتان بهێنمەوە، كە لە ئێستادا نەك تەنها (سەرۆك ئۆباما) ئامادەیە پشتگیریتان بكات و پێشوازی لە (بارزانی) بكات، بەڵكو بەم دواییە كۆنگرێسیش تا راددەیەكی زۆر پشتگیرییەكی گەورەی كورد دەكات، ئەمەش واتە هەم ئیدارەی ئەمەریكا و هەم كۆنگرێس كۆكن لەسەر ئەوەی هاوكاریتان بكەن."
وەک ئەو پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە سیاسەتی ئەمەریكا بە گۆڤاری گوڵانی، گوتووە، "ئەم هەنگاوە زۆر زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل (بنیامین نەتانیاهۆ) لەگەڵ ئەوەی لەناو كۆنگرێسی ئەمەریكا خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە، بەڵام لەناو كۆشكی سپی بەو ئاستە نییە، ئەمەش لەوەڕا دەركەوت (ئۆباما) رەتی كردەوە بانگهێشتی (نەتنیاهۆ) بكات بۆ ئەوەی لە كۆنگرێس گفتوگۆیەكی جیددی بكەن، بەڵام ئامادەیی (ئۆباما) بۆ كاركردن لەگەڵ كۆنگرێسدا لەسەر پرسی كورد بایەخێکی گەورەی هەیە."
(ئەماتزیا بارام) هەروەها گوتی: "هێشتا لە نێوان كۆشكی سپی و كۆنگرێسدا لەسەر هاوكاریی ئیدارەی (ئۆباما) و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر شەڕی داعش جیاوازی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەوەدان پشتیوانی لە كورد بكرێت و كەلوپەلی باشیان پێ بدرێت. لێرەدا من شتێكی دیكە دەڵێم، بە ماوەیەكی كورت دوای داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە، من شەخسی خۆم لە ئیسڕائیل چاوم كەوت بە بەرپرسێكی زۆر گرینگی ئەمەریكا – كە ناتوانم ناوەكەی بڵێم-، ئەو بە زۆری سەرۆك دەبینێت و راوێژ و شیكردنەوە دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش لە واشنتۆن، ئێمە گفتوگۆمان لە بارەی داعشەوە كرد و من پێمگوت پێویستە لەو راستییە تێبگەن كە تاوەكو سەرۆكوەزیران (نووری ئەلمالیكی) بە تەواوەتی لانەدرێت، ناتوانن یارمەتیی بەغدا و حكوومەتی شیعە لە بەغدا بدەن، كاتێك (نووری مالیكی) لادرا، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانن لێرە و لەوێ یارمەتییان بدەن."
ئەو پسپۆڕ و شارەزایە لە کاروباری ئەمەریکادا باوەڕی وایە: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە باكووری مووسڵ ئەنجامیان دا، نەك هەر تەنها سەركەوتوو بوو، بەڵكو بووە جێی ددانپێدانان و رێزێكی زۆر لەلایەن رۆژئاواوە؛ هەڵبەت لە ئەمەریكا كۆنگرێس و (سەرۆك ئۆباما) زۆر سەرسام بوون، هەروەها لە ئەورووپاش ناتۆ. بە دڵنیاییەوە ئەمە وابوو. ئەمە حاڵەتەكە بوو لەو كاتەدا، بەڵام لە ئێستادا ئەوە روونە كە تاكە هێزێك لە عێراقدا كە توانای شەڕكردنیان هەبێت لە دژی داعش- بێ ئەوەی هێزی ئێرانیان لەگەڵدا بێت- بریتییە لە كورد. من ناڵێم سوننەكان ناتوانن شەڕی داعش بكەن، چونكە لە ئێستادا هەندێ لە هێزە خێڵەكییەكان هاوكاریی بەغدا دەكەن بۆ شەڕكردن لە دژی داعش، بەڵام زۆرێك لە خێڵە سوننە عەرەبەكان خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە، چونكە حكوومەتی بەغدا كارێكی كەمی كردووە لە چاو ئەو داواكارییانەی ئەوان كردوویانە، لەبەر ئەوە ئەوان دڵنیا نین. كە پێویستە رازی بكرێن و وایان لێ بكرێت هاوكار بن."
(ئەماتزیا) کە نزیکیی لەگەڵ سیاسی و بڕیاربەدەستانی ئەمەریکایشدا هەیە گوتی: "دەبێت ئاگادارتان بكەمەوە كە دەستبەجێ ئومێدێكی زۆر گەورەتان بۆ دروست نەبێت، چونكە ئەمەریكاییەكان كەسانی واقیعین و میسالی نین و، ئەوان «ریال پۆلەتیك» پیادە دەكەن، ئەوەی ئێستایش كە ئامادەی ئەنجامدانی كارێكن كە پێشتر ئامادە نەبوون زۆر گرینگە، بەڵام من گومانم هەیە- ئەگەرچی ئومێد دەكەم- لەوەی ئەوەندە دوور بڕۆن. ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانەوە ئەوا ئەمەریكا كۆنسووڵگەری هەیە لە هەولێر- ئەمەش سەرەتایەكی زۆر باشە- بەڵام تاوەكو ددان بە سەرخۆیی كوردستاندا نەنرێت، ئەوا ناكرێت باڵیۆز هەبێت. چونكە ئەمە پێویستی بە دەوڵەت هەیە، بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. كەواتە ئەمەریكا تا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە كوردستانی عێراق نەڕوانێت، ئەوا ناتوانێت باڵیۆز بنێرێت."




