ئەمەریکا تێگەیشت

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، شیعەکان لەژێر کاریگەریی مەرجەعی باڵای شیعەدا، پڕۆژەیاسای پڕچەککردنی پێشمەرگە و ھێزە سونیەکانیان پەک خست، چونکە پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە، مەرجعی باڵای شیعەکان ڕەتی کردبوویەوە.
(ئەردەڵان نوورەدینی) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەدەبوو ئەو بڕیارە بێتە ناو پەرلەمان و ئەو دابەشکارییە لە پەرلەماندا دروست بووایە، بەڵام بۆ ئەمەریکا ڕوون بووەوە و تێگەیشت کە چەند پێکهاتەیەک لە عێراقدا ھەنە و، ئەمەریکایش ئەو بڕیارەی دەرکرد لەبەر ئەوە بوو کە حکوومەتی عێراق چەکی بە کورد و سوننە نەدەدا و، ئەوانیش داوایان دەکرد."
(ئەردەلان نوورەدینی) گوتیشی تازە ئەو پڕۆژەیاسایە ڕەت کراوەتەوە و، بڕاوەتەوە و، جارێ ھیچ بریت (بەدیل)ـێکی دیکەی بۆ پەیدا نابێت.
دەیشڵێت، شیعەکان ئەو پڕۆژەیاسایەیان لەژێر کاریگەری مەرجەعی باڵای شیعە ڕەت کردەوە، چونکە پێش ئەوەی لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، مەرجعی باڵای شیعەکان لە عێراق و رێبەری ڕەوتی سەدر ڕەتیان کردبوویەوە؛ کاتێک پەرلەمانتارانی شیعە ھاتنە پەرلەمان، ئەو بڕیارەیان پێ بوو.
بڵند ئیبراھیم




