٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینکی: ئەمڕۆ دەوڵەت زەرورەتە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ دەوڵەت زەرورەتە و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەکات و، لە عێراقدا هەر ململانێ و شەڕە؛ عێراق لە ٢٠٠٣وە کەوتووەتە نێو قۆناغێکی گواستنەوە کە دەبوا لە ماوەیەکی دیاریکراو دەرباز بێ، کەچی هێشتایش نەتوانراوە وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە ئەو عێراقە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بنیاد بنرێ.

تەنگژەی عێراق بەرەو کوێ؟ ناونیشانی ئەو کۆڕە سیاسی و فکرییە بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣/٥/٢٠١٥ بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک بۆ (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سازی کرد.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) لە سەرەتای کۆڕەکەدا ئاماژەی بەوە دا پرسی تەنگژەی عێراق پەیوەستە بە زۆربەی هەرە زۆری چین و توێژەکانەوە؛ چونکە هەر سیاسی نییە، بەڵکو ئابووری و کۆمەڵایەتیشە و، تەنگژە یاخود قەیران کێشەوگرفت نییە کە ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە بەڵکو دەبێ زانستیانە دەستنیشان بکرێ بەومەبەستەی ئاراستەی قەیرانەکە فراوانتر نەبێ و پێشی لێ بگیرێ.
پاشان سەردەمێکی مێژوویی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکەوتنامەی سایکس‌پیکۆ و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی کوردستان بەو دەوڵەتەوە، بەبێ ویست و ئیرادەی دانیشتووانەکەی و دامەزراندنی پەرلەمان و سوپای عێراق و ئەو قەیرانانەی کە لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریی ڕووبەرووی ئەو ووڵاتە بوونەوە باسکرد ئەوەشی ڕاگەیاند کە، هەرچەندە لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کار بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانانە کرا بەڵام هەرگیز نەتوانرا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هەروەها گوتی ئەمڕۆ دەوڵەت زەرورەتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا دەکات و، عێراقیش بووەتە شوێنی ململانێ و شەڕ؛ عێراق لە دوای ٢٠٠٣ کەوتە نێو قۆناغێکی گواستنەوە کە دەبووا بە ماوەیەکی دیاریکراو دەرباز بێ، کەچی تا ئێستایشی لەگەڵدا بێ، نەتوانرا وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، ئەو عێراقە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بنیاد بنرێ و، هەوڵ درا حوکمڕانییەکەی مەرکەزی و تاکلایەنە بێ و، لایەنەکانی تر فەرامۆش بکرێن، کە ئەمەش بارەکەی بەرەو کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراو برد؛ هەر لە شەڕی هۆزهۆزانێ و مەزەبییەوە بیگرە تا دەگاتە فەرامۆشکردنی لایەنەکان لەسەر حسابی لایەنێک و  لەسەر بڕیاری کەسێک و، بە شێوەیەکی تاکڕەوانە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدرا؛ لەکاتێکدا ئێستاش مووچە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەڕوات؛ نەک هەر چەک و پێویستی بۆ هێزی پێشمەرگە نەنێردراوە، تەنانەت هەڕەیشی لێ دەکرا! کەچی بە ماوەیەکی کەم سوپا هەرەسی هێنا و ئەو هەموو چەک و جبەخانەیە کەوتە دەستی داعش و ئێستاش وەک پێویست ناتوانرێ لێکۆڵینەوە لەو بارەوە بکرێ؛ عێراق هەموو بنەما جڤاکییەکانی لەدەست دا، چونکە زۆر دەرفەت هاتنە پێش بەڵام فاکتەری جۆراوجۆر ڕۆڵی ئەرێنییان نەبوو، پێیش ناچێ وا بە ئاسانی قەیرانەکان چارەسەر بکرێن."
لە کۆتاییشدا، سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا و قوتابیان و ڕۆژنامەنوسان دەربارەی بابەتەکە چەند پرسیارێکیان لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد و، بە وردی وەڵامی دانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار