لیستی ئازادی: سەردانی سەرۆک بارزانی لە رووی سیاسی، سەربازی و مەعنەوییەوە گرینگە

هەولێر-KDP.info-سەرۆكی لیستی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكادا، بۆ هەرێمی كوردستان گرینگیی خۆی هەیە و ئەنجامی زۆر باشیشی دەبێت، بۆیە ئێمە هەموومان چاوەڕوانی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا و دەرەنجامە ئەرێنییەكانین."
(ئەبوو كاروان) سەرۆكی لیستی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمەریكا لەم كاتوساتەدا گرینگیی خۆی هەیە، لە ڕووی سیاسی، سەربازی و مەعنەوییەوە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و، زۆر جێبایەخە، كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ (باراك ئۆباما)دا باسی ڕەوشی كوردستان و شەڕی داعش و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، بە تایبەتی باس لە رێككەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، كە حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێككەوتنەوە و، پێویستە ئەوانیش پابەندی بن."
(ئەبوو كاروان) ئاماژەیشی دا، هەر لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكادا، باس لە بڕیاری كۆنگرێس و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكرێت، كە هەموو ئەم بابەتانە گرینگیی خۆیان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە و پاشەڕۆژی نەتەوەیەكیان پێوە بەندە.
ڕابین شێروانی




