٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مریه‌م به‌ 9 مانگى دابراو به‌ 27 ساڵى گه‌رایه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌

سەرچاوە: KDP.info
 
هەڵەبجە-KDP.info- دوای تێپەڕبوونی 27 ساڵ بەسەر ونبوونیدا، ئەمڕۆ منداڵێكی دیكەی ونبووی هەڵەبجەیی گەیەنرایەوە پارێزگای هەڵەبجە و سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیش دەڵێت، دوای ئەنجامدانی پشكنیشن، ڕادەستی كەسوكارەكەی دەكەنەوە.
 
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای هەوڵێكی زۆری كۆمەڵەكەیان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێم، توانییان ئەمڕۆ یەكێكی دیكە لەو منداڵە ونبووانەی هەڵەبجە لە وڵاتی ئێرانەوە بگەیەننەوە پارێزگای هەڵەبجە و چاوەڕێیش دەكەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان لە ڕێگەی وەرگرتنی سامپڵی لەگەڵ سامپڵی ئەو خێزانە هەڵەبجەییانەی كە منداڵیان ون بووە، بەراورد بكات بۆ ئەوەی بتوانن خێزانی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ بدۆزنەوە.
  
گوتیشی: "ئەو منداڵەی دۆزیویانەتەوە ناوی (مریەمی باروسچیان)ـە و بە گوتەی ئەو خێزانە ئێرانییەی ئەو منداڵەیان گرتووەتە ئەستۆ و گەورەیان كردووە، لە تەمەنی هەشت مانگی بۆ نۆمانگی ئەو منداڵەیان وەرگرتووە، لە ئێستایشدا تەمەنی گەییشتووەتە 27 ساڵ بەرەو سەرەوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی لەوەیش كردەوە، ئەو بەڵگانەی كە لەلایەن ئەو خێرانە ئێرانییەوە لەسەر (مریەم) دەستیان كەوتوون، ئەوە دەسەلمێنن كە (مریەم) لە ڕاستیدا خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە و، دوای ئەنجامدانی پشكنینیش، بە كەسوكارە ڕاستەقینەكەی شاد دەبێتەوە.
 
ئاسۆعەلی
 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار