فڕاكسیۆنی پارتی، پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەبڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمەریكا دەربڕی

هەولێر-KDP.info- لە بەیاننامەیەكدا فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، پشتگیریی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەبڕیارەی كۆنگرێسی ئەمەریكا دەربڕی كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكرێت.
دەقی بەیاننامەیەكەی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان
چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا، لەلایەن سەرۆكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا (ئید ڕۆیس)، پڕۆژەبڕیارێك بە ژمارە (5747) بە كۆنگرێسی ئەو وڵاتە دراوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات بە (سەرۆك ئۆباما) بدرێت، كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكات.
ئێمە لە كاتێكدا پاڵشتیی تەواوی ئەو پڕۆژەبڕیارە دەكەین و پێشوازیی لێ دەكەین، بە هەنگاوێكی گرینگی دەزانین، كە لەسەر ئاستی جیهاندا گرینگیی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دەدات، لە هەمان كاتدا پێمان وایە، ئەو پڕۆژەبڕیارە بۆ ئەنجامی ئەو نەبەردیانە دەگەڕێتەوە، كە هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر گەورەترین هێزی تیرۆرستی لە جیهاندا تۆماری كردووە.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە وەك تاكە هێزێك لەسەر زەویدا شەڕی تیرۆستانی داعش دەكات، نەك هەر بەری بە هێرشەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە گرتووە، بەڵكە زیانی گەورەیشی پێ گەیاندوون، هەروەها لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش، قارەمانێتیی گەورەی تۆمار كردووە، چونكە وەك لای هەمووان ئاشكرایە، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ شاری كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان، بووە هۆی گۆڕینی پارسەنگی هێز و دواجار بە سەركەوتنی گەلی كوردستان لەو پارچەیە شكایەوە.
ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جارێكی دیكە پاڵپشتیی خۆمان بۆ ئەو پڕۆژەبڕیارە دووپات دەكەینەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیش، بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، تا زیاتر كار لەسەر بەدامەزراوەییكردنی هێزی پێشمەرگە، وەك تاكە هێزی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستاندا بكەین.




