شیعەکان سەلماندیان کاربە تەوافق ناکەن

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای پرچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و سوننەکان لەلایەن ئەمەریکا ڕەت کردەوە و، سەلماندیان کە زۆرینە و کەمینە ھەیە و کار بە تەوافق ناکەن.
(ئەشواق جاف) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانی تا ئێوارە ھەموو کوتلەکان سەرقاڵی ئەوە بوون بۆ بڕیارێک لەبارەی پڕۆژەیاسای پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و سوننەکان لەلایەن ئەمەریکاوە و، زۆر ھەوڵ درا بە تەوافق بڕیار بدرێت، بەڵام دواجار شیعەکان ئەوەی خۆیان ویستیان کردیان و، بە زۆرینە پڕۆژەیاساکەیان ڕەت کردەوە؛ ئێمە و سوننەیش لە کۆبوونەوەکە ھاتینە دەرەوە."
(ئەشواق جاف) گوتیشی، ئەمە مەسجێکە بۆ ئەمەریکا و ھەموو لایەک کە ئەوەی مەترسیی لێ دەکرا بەجێ ھات، چونکە ئەوان وا حیساب دەکەن زۆرینە و کەمینە ھەیە، لەکاتێکدا پێویست بوو ھەموو کوتلەکان تێیدا بەشدار بن و کار بە تەوافق بکرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان باسی سیادە دەکەن لە کاتێکدا خاکەکە لە دەست داعشدایە و، خەڵکەکەی ئاوارە بووە و، چەکەکەیش بۆ دژایەتیکردنی داعشە، بەڵام ئەوان لەسەر قسەی خۆیان سوور بوون.
بڵند ئیبراھیم




