بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمەریكا، هەڵوێستی ئەو وڵاتە بۆ داهاتوو ڕوون دەبێتەوە
__2015_05_02_h11m17s20__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەم هەفتەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا و بەرپرسانی ئیدارەی ئەو وڵاتەدا كۆ ببێتەوە، لە بەرانبەردا چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، ئەو سەردانە ئەنجامی زۆر باشی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت و، هەڵوێستی راستەقینەی ئەمەریكایش بۆ قۆناخی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (عەبدولحەكیم خەسرۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی پێداویستیی هێزی پێشمەرگە، پێشهاتەكانی ئێستا و ئاییندەی عێراق و گەرەنتیی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان، سەركردایەتیی كوردستان راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكادا باسیان بكات، بۆیە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستەیە و ئەمەریكایش دەیەوێت بزانێت ئاییندەی عێراق بە چی دەگات، كە خۆیان قوربانیی زۆریان داوە، چونكە بە حوكمی خەڵكانێكی نەزان لە ماوەی هەفتەیەكدا چەند پارێزگایەكی عێراق كەوتنە دەست داعش، بۆیە ئەمە وا دەكات ئەمەریكا پەیوەندی بە سەركردایەتیی كوردەوە هەبێت".
(عەبدولحەكیم خەسرۆ) گوتیشی: "سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەرئەنجامی زۆر باشی دەبێت، چونكە بەرچاوڕوونییەكی زیاتری بۆ سەركردایەتی كورد دەبێت و لە هەمان كاتیشدا سەركردایەتیی كوردستان هەڵوێستی راستەقینەی ئەمەریكاى لە قۆناخی داهاتوودا بۆ ڕوون دەبێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا سیاسەتی گشتیی خۆی بۆ ئاییندەی هەموو پرسەكانمان دابڕێژێت".
بڵند ئیبراهیم




