بزووتنەوەی ئیسلامی: هەڵوێستی فڕاكسیۆنی زەرد جێی رێزە..بە خێر لە لیژنەی دەستووردا بەشدار نابین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "هەڵوێستی فڕاكسیۆنی زەرد لەبارەی دروستكردنی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوورەوە جێی رێزە و، هیوادار بووین فڕاكسیۆنەكانی دیكەیش هەمان تێڕوانینیان بۆ ئەو پرسە هەبووایە كە هەموو فڕاكسیۆنەكان نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبێت".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (شوان قەڵادزەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو فڕاكسیۆنەكان بۆ دروستكردنی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور باس لە سازان دەكەن، بۆیە ناكرێت هیچ لایەنێك پەراوێز بخرێت، چونكە مادەكانی دەستوور بە سازان هەموار دەكرێتەوە و بە زۆرینە و كەمینە نابێت، هەر بۆیە ئیمتیازاتی بۆ هیچ لایەنێك تێدا نییە".
(قەڵادزەیی) دەشڵێت: "ئەوانەی دژی ئەوەن ئێمە نوێنەرمان لەو لیژنەیەدا هەبێت، لەجێی خۆیدا نییە و ناكرێت، ئەگەر بمانەوێت خاوەنی دەستوور بین، نابێ بەرچاوتەسكیی حیزبی وا بكات خەڵكی دیكە نەبینین."
سەرۆكی فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی راشیگەیاند: "ئێمە لە زۆر پرسدا لە فڕاكسیۆنی زەرد جیاوازین، بەڵام لەو پرسەدا تیڕوانینی ئەوان فراوانترە بۆ ئەوەی هەمووو فڕاكسیۆنەكان نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبێت و هیوادار بووین فڕاكسیۆنەكانی دیكەیش ئەو تێڕوانینەیان هەبووایە، هەر بۆیە هەڵوێستی فڕاكسیۆنی زەرد جێی رێزە كە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەی بە ئاشكرا باسی لەوە كردووە كە پێویستە هەموو فڕاكسیۆنەكان نوێنەریان هەبێت و هەر یەكەیان رای تایبەتی خۆی هەیە و مەرجیش نییە هەموویان رای فڕاكسیۆنی زۆرینەیان هەبێت".
گوتیشی: "ئێمە بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكانمان راگەیاندووە كە ئەگەر بە سانتیاگۆش بێت، دوای پێنج لایەنەكە زۆرترین دەنگمان هێناوە، بۆیە ئەگەر بە حەقی خۆمان و تیڕوانینی هەموو لایەنەكان لەو لیژنەیەدا بەشدار نەبین، بە خێر نامانەوێت بەشدار بین".
بڵند ئیبراهیم




