لە سبەینێوە فرۆشتنی مریشکی دوو کیلۆ زیاتر قەدەغەیە

ھەولێر ــkdp.infoـ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاری دەرکردووە کە لە ڕۆژی 1/5/2015 بە دواوە فرۆشتنی مریشکی لە دووکیلۆ زیاتر قەدەغەیە.
دکتۆر عەباس عەلی عەبدی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە ڕۆژی 1/5/2015ـەوە پێویستە کار بە بڕیارەکەی وەزارەت بکرێت کە لەمەودوا بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت لە سەرجەم بازاڕ و شوێنەکانی فرۆشتنی مریشکدا ئەو مریشکانە بفرۆشرێن کە کێشیان لە دوو کیلۆ زیاترە، واتا تا کێشی دوو کیلۆ ڕێگەپێدراوە.
دەربارەی ھۆکار و سوودەکانی ئەم بڕیارەش بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕوونی کردەوە کە بەپێی ھەموو توێژینەوە زانستی و ستانداردەکانی جیهان دەرکەوتووە ئەو مریشکەی کە کێشی نزیکەی دووکیلۆ دەبێت، بۆ خواردن دەشێ؛ هەم تامەکەی خۆشترە و، هەم چەورییەکەی کەمترە، ئەمە وێڕای کەمیی ڕێژەی ھەبوونی ژەھر و دەرمانەکان کە بۆی بەکار ھاتووە.
دەربارەی سوودەکانی ئەم بڕیارە بۆ پەلەوەردارەکان دکتۆر عەباس ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمە لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی بۆیان ھەیە بە تایبەتیش کە دەتوانن ژمارەی وەجبەی بەخێوکردن واتا دانانەوەی جووجەڵە لە پلەوەرداری (کێڵگە)کان زیاتر بکەن لە جاران.
ئەم بڕیارەش لە ڕۆژی 1/5/2015وە کاری پێ دەکرێت و، دەبێ ھەموو خاوەن پڕۆژەکان و فرۆشیاران پێوەی پابەند بن.
بڵند ئیبراھیم




