ڕێڕەوی گەشتوگوزار لە ھەرێم نەوەستاوە

هەولێر-KDP.info-بە گوێرەی زانیارییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناھەموارەی عێراق و ھەرێمی کوردستان و، هەموو ناوچەکەیشی گرتووەتەوە، ڕێڕەوی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان نەوەستاوە و بەردەوامە.هەولێر-KDP.info-بە گوێرەی زانیارییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناھەموارەی عێراق و ھەرێمی کوردستان و، هەموو ناوچەکەیشی گرتووەتەوە، ڕێڕەوی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان نەوەستاوە و بەردەوامە.
لە دیمانەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (مەولەوی جەبار)، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاماژەی بەوە دا ئەم بارودۆخە بووە ھۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەھاتن بە پێچەوانەی گەشتیارانی دەرەوەی سنووری عێراق کە کەمبوونەوەکە بەو ڕێژەیە نەبوو.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە لەبەر ئەو بارودۆخەی ساڵی پار، ئەو پلانەی داندرابوو بۆ گەشەپێدانی گەشتوگوزاری لە ھەرێم دوا بخرێت و، گۆڕانکارییەکی زۆریشی تێدا بکرێت.
(مەولەوی جەبار) ڕایگەیاند، دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم دەستپێشخەریی کرد بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی تورکیا و ئێران و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و، باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ باسکردنی واقیعی ئەم کەرتە لە ھەرێم و چۆنیەتی ھێنانی گەشتیار، بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئارام و، سەقامگیریی ئاسایش لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان.
"ئەمەش جگە لە بەشداربوونمان لە چەندین پیشانگای جیهانی لە بەرلین و ئەستەمووڵ و ئامەد و تاران کە بووە ھۆی پەیوەندیکردنمان بە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای تایبەتمەند."
سەرۆکی دەستە ئەوەشی خستە ڕوو کە لە میانەی ئەو دیدارانەدا ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کراوە "نرخی کێبڕکێکاری و ھەرزان پێشکەشی گەشتیاران بکرێت لە ڕووی کرێی ڕێگا و، ئوتێل و تەنانەت ھەبوونی داشکان لە کڕینی کەلوپەلی جیاجیا لە مۆڵەکانیش بۆ ھاندانی ھێنانی گەشتیاری زیاتر."
ئاشکرایشی کرد، دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، شوێنێکی تایبەتی لە پیشانگای دوبەی گەشتیاری وەرگرتووە کە بڕیار وایە مانگی دادێ بکرێت و، ھەرچی پەیوەندی بە گەشتوگوزاری کوردستانەوە ھەیە لەوێ نمایش دەکرێت، بە شێوەیەک کە بتواندرێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیهان ڕابکێشرێت بۆ ھێنانی گەشتیار یانیش وەبەرھێنان لەم بوارەدا.
ئاشکرایشی کرد، مانگی حوزەیرانی دادێ لە بۆداپێست دیدارێک لەنێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ھەرێم و، چەندین کۆمپانیای ئەورووپاییدا بەڕێوە دەچێت و، باسی بارودۆخی کوردستان دەکرێت و، ھەموو پرێسکە (پاکێجە) گەشتیارییەکان نمایش دەکرێت و، پێشکەشی ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت.
مەولەوی جەبار تیشکی خستە سەر پڕۆژەیەک کە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم بە نیازە لەگەڵ چەندین کۆمپانیای دیار و، بەرچاو جێبەجێی بکات. گوتی ئەم پرۆژەیە کە بە "کوردستان ھۆلیدەی" دەناسرێت و، لەسەر ئاستی باکوور و باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
وردەکاری ئەو پرۆژەیەش لەوەدایە، کە گەشتیار لەیەک کاتدا چەندین شار و شوێنی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەسەر بکاتەوە و، ھەموو ئەو گەشتانەش لە یەک پرێسکەدا بن؛ ئاماژەی بەوەیش دا ئەم پڕۆژەیە کاری زۆری لەسەر کراوە و، کۆمپانیاکان تاوتوێ (دیراسە)یان کردووە و، ھیوای خواست لە نزیکترین کاتدا ببێتە واقیع و، جێبەجێ بکرێت.
گوتیشی مانگی تەمووزی دادێ گەشتێکمان بۆ شاری وان دەبێت و، لەوێ ھەموو ئەو پرێسکانەی باسمان کردوون و، لەسەری ڕێک کەوتووینە، ڕێکیان دەخەینەوە و، لە ٢٧ـی ئەیلوولی دابێتیشەوە، کە ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزارە، ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵیاندا دانیشتووین داوەتی ھەولێریان دەکەین و، لە کۆنفرانسێکی گەورەدا ئەو بەرنامانە هەڵدەسەنگێنین."
ئەوەیشی خستە ڕوو کە مانگی تشرینی دووەمی دادێ ھەرێمی کوردستان بەشداری پیشانگای لەندەن دەکات، کە یەکێکە لە پیشانگا ھەرە گرنگەکانی بواری گەشتیاری لە جیهاندا.
لەسەر ئاستی ناوخۆدا، وەک سەرۆکی دەستە نیشانی دا، کاری زۆر و پڕۆژەی زۆر لە ئارادایە لەبارەی بەرزکردنەوەی کوالیتی. بۆ ئەم مەبەستەش دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ ھوتێل و کۆمپانیا گەشتیارییەکاندا کراوە.
ھەروەھا ئاشکرایشی کرد کە ئەمساڵ ناوەندێکی گەورەی ڕاھێنانی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و، ھەوڵ دەدرێت چەند پسپۆڕ و مامۆستای بیانی بێن و مەشق بە کارمەند و پسپۆڕانی ئەم بوارە بکات. بۆ ساڵی دابێتەوەیش، ڕاھێنان لەم ناوەندە دەبێتە مەرجێک بۆ کار لە بواری گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوخۆدا.




