حزبی سۆشیالیست: هەڵوێستی پارتی بەرز دەنرخێنین..نابێ دەستوور بکرێتە حزبی

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیستدیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئێمە وەك حزبی سۆشیالیست هەڵوێستی پارتی بەرز دەنرخێنین، چونكە پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەكان مافیان هەبێت لە داڕشتنەوەی دەستووردا و مافی هیچ كەسێك نەخورێت.
(موسلیح ڕەجەب ئاكرەیی) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیستدیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو لیژنەی بۆ دەستوور دروست دەكرێت پاشەڕۆژی كورد دیاری دەكات؛ خۆی ئەو دەستوورەیە كە میللەتی كورد بەرەو قۆناغێكی دیكە دەبات، بۆ ئەمڕۆی كوردستان هیچ شتێك لە دەستوور گرنگ تر نییە؛ ئەگەر هەموو لایەنەكان دەستیان لە داڕشتنەوەی ئەو دەستوورەدا هەبێت، هیچ ڕەخنەیەك لە هیچ لایەنێك ناگیرێت، ئێمە وەك حزبی سۆشیالیست لەگەڵ ئەوەداین ئەو دەستوورە بێكەموكووڕی بێت و، لە بەرژەوەندی میللەتی كورددا بێت."
گوتیشی: "قۆناغی ئەمڕۆی كوردستان وا دەخوازێت هەموو لایەنەكان لەسەر دەستوور یەكدەنگ بن و، بە یەكەوە لە داڕشتنی دەستووردا بەشدار بن، نەك لایەنێك ببێتە ڕێگر لە بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە، ئێمە هەڵوێستی پارتی بەرز دەنرخێنین، كە لەگەڵ ئەوەدایە هەموو لایەنەكانی كوردستان لە داڕشتنەوەی دەستووردا بەشدار بكەن، زۆر بە داخەوە كە لایەنەكانی دیكە جیاوازی لە نێوان لایەنەكان دەكەن و، دەبنە ڕێگر كە هەموو لایەنەكان پێكەوە پاشەڕۆژی میللەتی كورد دیاری بكەن، ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوە نییە لایەنەكان دژی یەك بوەستنەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە ناوماڵی كوردان ڕێك بخرێت بۆ ئەوەی بەسەر دوژمناندا سەر بكەوین و، كوردستان لەو قۆناغە ناخۆشە ڕزگار بكەین."
)موسلیح ڕەجەب ئاكرەیی) ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ هەر چوار لایەنەکەی دیكە، جگە لە پارتی بوونەتە بەرەیەك و، هەر لەبەر خاتری خۆیان، دژی هەموو شتێكی ئەم وڵاتەن؛ نابێت دەستوور بکرێتە حزبی، چونكە دەستوور، مافی هەموو تاكێكی كوردستان دیاری دەكات، ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی هەر یەك لە حزبەكان نوێنەری خۆیان لەو لیژنەیەدا هەبێت، ئەگەرنا هەڵوێستی دیكە وەردەگرین.
ڕابین شێروانی




