محەمەد کەمال: لێدوانەکەی پارێزگاری کەرکووک دژ بە خواستی نەتەوەی کوردە

کەرکووک -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت ھەر کەسێک داوا بکات کەرکووک بکرێتە ھەرێمی سەربەخۆ ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ عەربە شۆفینیەکاندا نییە، چونکە ئەوانیش ھەمان داواکارییان ھەیە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک (محەمەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " لێدوانی پارێزگاری کەرکووک لەبارەی ئەوەی ئەگەر بوودجەی ئەوان لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکرێت، کەرکووک دەکەنە ھەرێمێکی تایبەت، ئەمەش دژ بە خواستی نەتەوەی کوردە و، تەنانەت حزبەکەی خۆشی لەگەڵ ئەوەدا نییە، چونکە کەرکووک کوردستانییە."
(محەمەد کەمال) گوتیشی، بەپێی یاسا ئەگەر کەرکووک بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمە ھەڵەیە و، کارێکی خراپە و گۆڕینی یاساکانی ئاسان نییە و، بە دەستی من و، ئەو نیە، بۆیە کورد سەدان ساڵە لەپێناو کەرکووکدا خەبات دەکات و، ھەمیشە گفتوگۆی شۆڕەشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا لەسەر کەرکووک تێک چووە، بۆیە ناکرێت ھەروا دەست لەسەر کەرکووک ھەڵگرین و، بکەینە ھەرێمێکی سەربەخۆ."
(کەمال) ڕوونیشی کردەوە، ئەم داواکارییە ھی عەرەبە شۆفینییەکانە و، ئەگەر ھەر کەسێک ئەو داواکارییە بکات ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو عەرەبانەدا نییە، بۆیە ئەگەر ئەو داواکارییەشی کردبێت پێویستە لێی پەشیمان بێتەوە."
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پرسە پەیوەندیی بەوەوە نییە کە بوودجە لە بەغداوە نایەت، چونکە عێراق لە قەیرانی ئابووریدایە و، ئەگەر کەرکووک ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆیش ھەمان قەیران ھەر دەبێت، چونکە ئێستا دیارە ھەرێمی کوردستانیش تووشی ئەو قەیرانە ھاتووە، بۆیە هەق نییە لەسەر پرسێکی بەو جۆرە، داخوازییە نەتەوایەتییەکانمان بشێوێنین و، لەسەر ئاستی نەتەوەکەمان نەبێت کارێکی خراپە.
بڵند ئیبراھیم




