٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاراستەی سێیەم: پارتی هەست بە بەرپرسیارەتی دەكات و هەندێكیش دەستوور بەحیزبی دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پارتی لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارەتییەوە پشتگیریی ئەوە دەكات ئەو فڕاكسیۆنانەی یەك كورسییان هەیە، نوێنەریان لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووردا هەبێت، بەڵام ئەوانەی دژن، دەیانەوێت دەستوور بەحیزبی بكەن.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاراستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان (باپیر كامەلا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتیی دیموكراتی كوردستان كە پشتگیریمان لێ دەكات،  لە سۆنگەی ئەوەوە نییە بەشێكین لە پارتی، بەڵكە بە سینگێكی فراوان و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەكات، ئەوانەی دژی ئەوەن كە ئێمە نوێنەرمان لەو لیژنەیەدا هەبێت، خۆیان لە بەرپرسیارەتی دەدزنەوە و بە بیری تەسكی حیزبی بیر دەكەنەوە" .
(كامەلا) گوتیشی: "پێشتر هەندێك لایەن بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە لایەنەكان شتەكان بەحیزبی دەكەن، لە ئێستادا خۆیان دەستووریش بەحیزبی دەكەن، بۆیە نەك ئێمە بەڵكە مافی هاووڵاتییش هەیە لە هەموو چینوتوێژەكان لە نووسینەوەی دەستووردا بەشدار بن، چونكە ئەمە پرسێكە پەیوەندی بە هەموو تاكێكەوە هەیە، نەك تەنیا حیزبێك".
ڕوونیشی كردەوە كە، "بێبەشكردنی ئێمە بیانوویە بۆ پەراوێزخستنی ئەو چوار فڕاكسیۆنەی یەك كورسییان هەیە و بیرۆكەی ئەوەیش لەوەوە هاتووە كە ئێمە نەچووین بۆ بەردەركی سەرا و تۆڵەیەكە لە ئێمە دەكرێتەوە، بۆیە مەبەست ئەوە نییە ئێمە پاشكۆی پارتی بین و، هەڵوێستەكانیشمان ئەوەیان سەلماندووە كە پاشكۆ نین".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاڕاستەی سێیەم لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی هەر یەكەمان نوێنەری خۆمان لەو لیژنەیەدا هەبێت و، ئەگەر نا هەڵوێستمان دەبێت".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار